مەسرور بارزانی: بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشە و ململانێکان


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاریی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ خراپترکردنی سەقامگیریی ناوچەکە نین.
 
مەسرور بارزانی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە چاوەڕوانیی کەسدا نەبوون، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخێکی نوێ خوڵقاوە. 

باسی لەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا کرا، لە چاوەڕوانیی دەسەڵاتی ئێستا و پێشووش نەبووە. 
 
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات یەکگرتوو بن و لەگەڵ دیمەشق هەوڵبدەن رێکبکەون. وتیشی: باشترین ئامۆژگاری بۆ خوشکو برایانمان لە سووریا ئەوەیە، "سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە خراپەکانمان دووبارە نەکەنەوە."

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، "سووریا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەژی، پێویستیان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، "ئەمریکییەکان دەیانەوێ ئاشتی بەرقەراربێ، ئەوان رێکاری جیاوازتریان هەیە، بەکارهێنانی هێز بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە، ئەگەر ئەمە سیاسەتیان بێت، لایەنەکان دەبێت بتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن".
 
مەسرور بارزانی لەبارەی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا؛ وتی، "ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەوان هەیە. چەندین بەرپرسی دیکەش هەن لە ئیدارەی ترەمپ، دۆستی نزیکی ئێمەن. هەمیشە هەوڵمانداوە مایەی خێر بین".

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، رایگەیاند، "پێشتریش هەوڵی ئەوە دراوە ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئاشتی بە لایەنێک ناکرێت، ئەم جارە گۆڕانکاریی لە بۆچوونی لایەنە تووندڕەوەکانیش هەیە، ئەوان باسی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە دەکەن. ئەمە جیاوازییەکەیە". 

وتیشی، "ئەمانە هەمووی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باشن. دەبێت ئیرادەی ئاشتی و پرۆسەی سەرخستنی ئاشتی بەهێزتر بێت لەوانەی دەیانەوێ رێگری لێ بکەن."
 
مەسرور بارزانی وتی "ئێران لاواز نەبووە، دراوسێی ئێمەیە، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە. لەگەڵ ئەمریکاش دۆستایەتیمان هەیە و هەمیشە پشتوانی ئێمەن". 
 
باسی لەوەش کرد، "رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش دەگرین، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە".


PM:03:57:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت