نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جەخت لە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان دەکەن


وێستگەنیوز_

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سلێمانی کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و نوسینگەی سوودانی دوو راگەیەندراویان لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
 
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بوو. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سياسى عێراق و دۆسیە هاوبەشەكان تاوتوێ كران و "جەخت لەسەر بەردەواميی هەماهەنگی و هاوكاريی هه‌ولێر ـ به‌غدا" کرایەوە. 
 
ئاماژەوەی بەوەشکردووە، جەخت لە بەهێزکردنی هاوكاريی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سەقامگیرى كرايه‌وه‌، بەشێوەیەك كە خزمەتی يه‌كڕيزيى نيشتمانى و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بكات و هاوكار بێت بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراق.
 
نێچیرڤان بارزانی "داكۆكى له‌ گرنگيی مسۆگه‌ر‌كردنى ماف و شایستە دەستووریيەكانی هەرێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پابەنديی هه‌رێمى كوردستانى بۆ بەهێزكردنی هاوكاريی بنیاتنەر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو پرسه‌كان دووپات كرده‌وه‌، بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزكردنی لێكگەییشتن و هاوبەشی له‌نێوان هه‌ردوولادا و هاوسەنگی و سەقامگیريی وڵات بپارێزێت".
 
لای خۆشیەوە نوسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، باسیان لە دۆخی سیاسی وڵات و دۆسیە هاوبەشەکان کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە یەکڕیزیی نیشتمانی بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکات.
 
هەروولا "جەختیان لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان و بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان هەموو هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراقدا".
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنەکانی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق تاوتوێ کران: "لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان و پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییەکان کە رێگای چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگ دەگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە هەرێمییەکان".
 


PM:02:56:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو