عەممار حەکیم: پێم وایە ئەم کاتە کەمەی کە ماوە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن گونجاو نییە


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بەشداری یەکێک لە پانێڵەکانی نۆیەمین دیداری سلێنمانی کرد و لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردەکانی داهاتووی عێراق قسەی کرد.

عەممار حەکیم رایگەیاند، قەدەری ئێمە لە عێراق وایە کە دراوسێی ئێرانین و مێژوو و کەلتورمان پەیوەستە بە ئێرانەوە، ئێران رۆڵێکی بەرچاوی لە بونیادنانەوەی عێراق هەبوو، ئێران دۆست و دراوسێیەکی نزیکمانە، هاوکات ئەمریکاش دۆستێکی دووری عێراقە، من باوکم لە کاتی خۆیدا داوای دانوستانی ئەو دوو وڵاتەی کرد، ئەمڕۆش ئەو دانوستانەی دەکرێن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەبێت هەردوولا رەچاوی هێڵێ سووری نێوانیان بکەن و بگەن بە ئەنجامێک ئەگەر گفتوگۆ نەبێت کاریگەری خراپی لەسەر ناوچەکە دەبێت.

سەرۆکی رەوتی حیکمە وتیشی: "لە دانوستانەکانی شەممەی رابردوو گفتوگۆی باشیان کردووە، هیوادارین بۆ گفتوگۆکانی داهاتوویان باشتری بکەن، هیچ کام لەو وڵاتانە لەم کاتەدا جەنگیان ناوێت."

عەممار حەکیم دووپاتیشی کردەوە، "دەستوور باوکی یاساکانە، دەبێت سیاسییەکان لە عێراق بەپێی دەستوور مامەڵە بکەن، دەبێت چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت، ئێمە چەندین جەنگمان بینی سوپا نەیتوانی وڵاتەکە بپارێزێت، خەڵك خۆی چەکی هەڵگرت، باوەڕپێهێنانی لایەنەکان بۆ دانانی چەک کاتی دەوێت.

ئاشکراشیکرد، لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە بەغداد بەڕێوەبچێت، بانگهێشتی زۆرێک لە سەرکردەکانی 22 وڵاتی عەرەبی دەکەین.

سەبارەت بەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیش، "دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە هەموو لایەنەکانەوە پەسەندکرا و ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو هاوسەنگی لەنێوان دەنگدەر و کورسییەکان دروستدەکات، ئێمە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی یاسای هەڵبژاردن نین کە تاکلایەنانە بڕیاری لێبدرێت، پێم وایە ئەم کاتە کەمەی کە ماوە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن گونجاو نییە."


PM:12:45:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو