نوێنەری تایبەتی ئەمینداری UN: داواکارم گەلی عێراق خۆیان لە لێکترازان بپارێزن و پشتیوانی سەرکردە دڵسۆزەکانیان بکەن


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نۆیەمین دیداری سلێمانی ڕایگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ ئێوەی عێراقی ئەوەیە خۆتان لە لێکترازان بپارێزن و پارێزگاری لە ناسنامەی نیشتمانی و ژینگەتان بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وتی: هیوای گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆلایەنەکان دەخوازم لە بارەی ئەو دۆخەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و عێراق لە ئێستا و لە داهاتوودا کە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم لووتکەیە داڤۆسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کولتوورێکمان هەیە باسی ئەو دۆخانە دەکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و تێیدا دەژین، لە چەندان ساڵی ڕابردوودا دۆخێک بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت گەلانی دا هات، بەداخەوە هەمووئەمانە بە مانایەک،  بوونەتە هۆی دروست بوونی سێ پرسیا.

بە وتەی حەسان: پرسیاری یەکەم؛ بۆ ئەمە ڕوویداوە؟ دووەمیان؛ ئایا هیچ تایبەتمەندییەک هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی جیاوازتر بێت لە ناوچەکانی دیکە جیهان؟ سێیەمیش کە گرنگترینیانە، ئایا هیچ دەرفەتێک هیە بۆ گۆڕانی ئەم بارودۆخە؟ تاکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوچەیەکی سەقامگیر؟ "گەلەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماندوو بووە بەدەست ناکۆکیی و جەنگ و ئەو نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەڵام ئێستا بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتی ئەوە هاتووە وەکو گەلانی دیکەی جیهان، لە سەقامگیریدا بژین."

لە درێژەی وتەکانیدا وتی، "ئێمە تەنیا باسی دۆزی فەڵەستین ناکەین، بەڵکو باسی داگیرکاری گەلان و دەستوەردانیان لە ناوچەکە دەکەین، کە بووە هۆی وێرانکردن و لە ناوبردنی گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروست بوونی ڕاستییەک وایکردووە ئەم گەلانە لە نەهامەتیدا بژین و بە ناچاری قبووڵیشی بکەن، ئەمە بووەتە هۆی لەدەستدانی هیوا بۆ دەرچوون لەم گێژەڵوکەیە."

ئاشکراشیکرد: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنەکان دەبینرێن، کە منداڵانی عێراق و غەززە لەبەر چاوی هەموو جیهان دەکوژرێن، ئافرەتان و کچانمان و هەندێک لە پێکهاتەکان بەتایبەت ئێزدییەکان، وەکو کاڵایەک بەدەستی کۆمەڵێک توندرەو تیرۆرستەوە دەفرۆشرێن، نابێت ئەوە ڕێگەی پێ بدرێت و جێگەی قبووڵکردن نییە.

محەممەد حەسان باسی لەوەشکرد، "هەموو ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هۆکارن بۆ لە دەستدانی هیوا، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کەسانی دڵسۆز بێنە پێشەوە بۆ دروستکردنی هیوایەکی نوێی لەم ناوچەیە، بۆ ئەوەی ئەو توانا زۆرەی کە هەیە، لەناو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت لە عێراق کە شوێنێکی کولتووری جیهانییە جیاواز لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕو ململانێێ بووەتەوە، پەیامی ئێمە بۆ ئێوەی عێراقی ئەوەیە  پارێزگاری لە ناسنامەی نیشتمانی و ژینگەتان بکەن و خۆتان لە لێکترازان بپارێزن و پشتیوانی سەرکردە دڵسۆزەکانتان بکەن، بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێی لە سەقامگیری."


PM:12:37:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو