سوودانی: بە دڵنیاییەوە خۆم بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەڵدەبژێرمەوە


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ئەمرۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پانێڵی دیداری سلێمانی رایگەیاند: چوار دەیەیە گەلی عێراق ئازاری زۆری چەشتووە، چونکە کاتێک سیاسەتێکی خراپ بەرجەستە دەکرێت، هەستێکی ناخۆشت لا هەڵالە دەبێت، گەلی عێراقیش متمانە بە سیاسەتەکانی عێراق لەدەستداوە، کە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت. بۆیە ئێمە دەبێت کار لەسەر گەڕانەوەی متمانە بۆ هاوڵاتیان بکەین.

لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لە دیداری سلێمانی، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، "ئێمە بۆ گەرانەوەی متمانەی گەلی عێراق، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ حکومەتێکی بەهێز کە ڕێز لە هەموو هاووڵاتیان بگرێت بە هەموو پێکهاتەکانیەوە."

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری داوە 11ـی 11ـی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت. لەبارەی دووبارە خۆ کاندیدکرنەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، سوودانی رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە خۆم کاندید دەکەمەوە، وادەی هەڵبژاردن دیاری کراوە، حکومەتیش پابەندە بە کاتەکە، هەموو پیداویستییەکیش بۆ سەرخستنی پرۆسەکە لەبەرچاو گیراوە."

بە وتەی سوودانی، حکومەت هەوڵی جددی داوە بۆ یارمەتیدانی گەنجان و وتی: "خوێندنمان بۆ سەدان گەنج لە دەرەوەی وڵات رەخساندووە، هەمیشە دەستی گەنجەکانمان دەگرین بۆ سەرکەوتن چونکە چەکی پێشکەوتنن"

"ئێمە پرۆژەیەکی سیاسیمان هەیە دەمانەوێت تەواوی بکەین، هەروەها دەمانەوێت قسە لەسە ئامانج و دەستکەوتەکانیش بکەین و هەنگاوە ڕاستەقینەکانیش بخەینە ڕوو، کە هاریکار بوون بۆ دروستکردنی ئەو کەشە."

سەبارەت بەوەی کە رێژەی دەنگدەران هەمیشە روو لە دابەزینە، چۆن کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەمە؟ سوودانی باسی لەوەکرد، پێویستە لەوەی تێبگەین، تێکشکاندنی بێ هیوایی گەلی عێراق، لە ڕێگەی بەشداریی هەڵبژاردنەوە دەبێت، ئەو بەشدارییەش دەبێت ببێتە هۆی پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها ئەو پرۆژە شکستخواردووە گەندەڵیانەی کە هەبوون هیچ لێ بەرهەم نەهات، بۆیە دەڵێم ئەو حکوومەتە توانیویەتی پەیامیکی ئەرێنی بەگەلی عێراق بدات، کە پرۆژەی چاکسازی بەڕێوەیە.

وتیشی: ئەم حکومەتە بە پاڵپشتی لایەنەکان پێکهێندراوە. هەڵبژاردن چانسێکە بۆ خزمەتکردنی عێراقییەکان. ئەو پرۆژە سیاسییەی هەمانبووە بە تەواوی جیاواز بووە کە توانیویەتی ئەم کەشە ئەرێنییە دروستبکات و خولی داهاتووش تەواوکەری ئەم پرۆسەیە دەبێت و گۆرانکاری گەورە دروستدەکا؛ هەروەها بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو هاوپەیمانی دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت. 

بە وتەری سەرۆک وەزیرانی عێراق، "ئەم پەیوەندییەی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا زۆر ئەرێنییە و بۆ یەکەمین جارە کە پەیوەندی نێواننیان لە گفتوگۆی توندی سیاسییەوە گۆڕابێت بۆ گفتوگۆی یاسایی و سیاسیی، "توانیومانە بەسەر کێشەکان زاڵبین و هەموو کاربەدەستان و سیاسییەکان پێکەوە کاردەکەین."

سوودانی راشیگەیاند، "یاسای حەشدی شەعبی پەیوەستە بە دامەزراوەیەکی ئەمنی، ئەم بابەتە زۆر گرنگە و ئەو هێزە قوربانی زۆری بۆ عێراق داوە و بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی بەرگری عیراقی، پێشتر رێکخستنی و یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکان نەبوو، حەشد بە دوو دێڕ یاسای بۆ نوسرابووەوە، بەڵام ئێمە چاکسازیمان لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا کرد و پەیکەری کارەکانمان رێکخستووەتەوە."

"ئێستا پرۆژەکە لە پەرلەمانە، بە شێوەیەکی زۆر باش لەگەڵ لیژنەی دەوڵەت و سەرۆکایەتی وەزیران کاری لەسەرکراوە بە نموونە بابەتی ئیمتیازات و مووچە و پرسی قوربانیدانی سەربازەکان، یاساکەش پێش هەڵبژاردن تێدەپەڕێت." سوودانی وای وت.

دەربارەی ئەوەی کە ناکۆکی هەیە لەسەر یاسای حەشدی شەعبی، سوودانی دەڵێت: "هێزەکان هەموویان کۆکن لەسەر پرسی ئەمنی، حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانی خۆمدان وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، "بۆیە کێشە لەسەر یاساکە نییە و ئەگەر تێبینیش هەبێت ئەوا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و وەڵامیان دەدەینەوە."

دەربارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆک وەزیران وتی: "هاورێیانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها وەک راوێژکاری کارمان لەگەڵ دەکەن، بەدەر لەوە ئێمە خۆمان رووبەرووی تیرۆر دەبینەوە و لەناومان بردوون، پلانیشمان هەیە و عێراقی 2023 و 2024، هەمان وڵاتی ساڵی 2014 نییە. ئەوەی لە عێراقدا ماوەتەوە راوێژکارن و هێز نیین، ئەوەش بەپێی رێککەوتن بووە."

"عێراق لوتکەی عەرەبی دەبێت لە مانگی داهاتوودا، ئەمە دۆخێکی زۆر گرنگە بۆ بەغدا، ئێمە رۆڵی بڕیاردەر و نێوەندگیر دەبینین لە سەرجەم پرسە ئابووری و ئەمنییەکاندا و رۆڵی تەماشاکەرمان نابێت." بەشێکی دیکەی قسەکانی سوودانی.

ئاشکراشیکرد، "ئەحمەد شەرع بە شیوەیەکی فەرمی بانگهێشت کراوە بۆ لوتکەی عەرەبی، لە ئێستاشدا عێراق لەناو وڵاتانی عەرەبیدا رۆڵێکی هەیە و شانازی پێوەدەکەین، هەروەها پرۆژەی ئابووری گرنگمان هەیە."

دووپاتیشیکردەوە کە، "پاڵپشتی دەکەین لە گێڕانەوەی ئاسایش بۆ سووریا بەڵام بەشێك نابین لە ململانێکان."

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئەمریکا، سوودانی دەڵێت: "پەیوەندیمان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ستراتیجییە و لە چوارچێوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا، چەندین دۆسیە هەیە پێکەوە کاری لەسەر دەکەین."


AM:11:29:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت