ئەمرۆ نۆیەمین 'دیداری سلێمانی' لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت


وێستگەنیوز_

سلێمانى جارێکى دیکە لە نۆیەمین دیداری خۆیدا سەرکردە و بەرپرسانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى کۆدەکاتەوە.

ئەمرۆ چوارشەممە 16ـی نیسان و سبەی پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025، نۆیەمین 'دیداری سلێمانی' لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت و تێیدا گرینگترین ئاڵنگارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێدەکرێت و بابەتی سەرەکیی دیدارەکەی ئەمساڵیش "ئاشتیی ناوچەکەیە."

دیداری سلێمانی، لەسەر ئاستێكی باڵا، میوانداریی سەركردە و بیرمەند و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریكا و هەموو جیهان دەكات، کە سەرۆكی وڵاتان، دیپلۆماتكاران، لێپرسراوانی باڵا، ئەكادیمی و شیكەرەوەی دامەزراوە سیاسی و هزرییە پێشەنگەكان بەشداریی تیادا دەكەن.

دیداری ئەمساڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە دیارەكاندا دەبەسترێت، لە نێویاندا؛ چاتم هاوس، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی (IAI)، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی.

پێشبینی دەکرێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند وەزیرێکی حکومەتی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدیداری سلێمانیدا ئامادەبن.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری دیدارەکە،  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، محەمەد حەسان، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆشیار زێباری،  ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دکتۆر بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، ئامادەبن.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆش دەربارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی دەكرێت، كە چۆن گۆڕانكارییە ناوخۆییەكان لەگەڵ جوڵە و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەوتییەكاندا یەكانگیر دەبن.

هەروەها پرسە ناوچەییەکان تاوتوێدەکرێت، لە ناویاندا حكومەتی نوێ لە دیمەشق، گۆڕانكارییەكانی لوبنان و جەختكردنەوەی زیاتر لەسەر ئاڵنگارییەکانی رۆژئاوای کوردستان.

دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە لەلایەن سه‌نته‌ری لیكۆڵینه‌وه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانكۆی ئه‌مریكی -‌ عێراق – سلێمانی، دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان.


AM:08:53:16/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت