بارزانی و جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا چه‌ند پرسێكیان تاووتوێ كرد
وێستگه‌نیوز-
باره‌گای بارزانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه كه رۆژی سێشه‌ممه 15ی نیسانی 2025 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له خاتوو ڤیكتۆریا ته‌یله‌ر جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "له دیداره‌كه‌دا جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له دۆستایه‌تی و هاوبه‌شیی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه له‌پێناو دابینكردنی سه‌قامگیری و پێشڤه‌چوون له هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه "هه‌ر له‌و دیداره گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عێراق و سووریا و ناوچه‌كه به گشتی كرا و بیروڕا له‌باره‌ی گرفت و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پڕۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و بارودۆخی لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا و داهاتوو و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تازه‌ی سوریا ئاڵوگۆڕ كرا".
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس كراوه، له به‌شێكی تری ئه‌و دیداره‌دا ڕۆشنایی خرایه سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییه‌كان.
باره‌گای بارزانی راشیگه‌یاندووه كه "گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌ری تری ئه‌و دیداره بوو".
PM:02:33:15/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 396
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت