قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌یان تاووتوێكرد
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه‌یان تاووتوێكرد، راشیگه‌یاند كه "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دین له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه رێككه‌وتن بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم".
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ولێر پێشوازیكرد له وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا به سه‌رۆكایه‌تیی ئاده‌م سمیس، ئه‌ندامی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه چه‌كدارییه‌كان و له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا باس له چه‌ند پرسی گرنگی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه كرا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه رۆژی شه‌مه (12/4/2025) به‌ڕێوه‌چوو، سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا و دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دیكه‌ی ناوچه ئاڵۆگۆڕی بیروڕا كرا.
هه‌ردوولا هاوڕابوون كه هێشتا تیرۆر و به تایبه‌تیش گروپی تیرۆریستی داعش هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری كوردستان و عێراق. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌فده‌كه‌ی كۆنگرێس جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا.
له‌باره‌ی دۆخی سیاسی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران رایگه‌یاند راسته پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت به خێرایی ناچێته پێش، به‌ڵام هه‌نگاوی زۆر باش نراوه و هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی به‌هێز و كارا و یه‌كگرتوو رێك بكه‌ون كه هه‌م له ئاستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاوڵاتییاندابێت و هه‌م بتوانێت له‌م قۆناغه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌دا، سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان به باشی بپارێزێت.
سه‌باره‌ت به پرسی نه‌وت و گازیش، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران روونیكرده‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم گه‌شبینه و هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتنێك بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم. له‌باره‌ی گازیشه‌وه، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند ئه‌وله‌وییه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا به‌كارهێنانی گازه بۆ دابینكردنی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوڵاتییان و هه‌روه‌ها دابینكردنی گازه بۆ به‌كارهێنانی ماڵان و كارگه پیشه‌سازییه‌كان.
ئه‌ندامانی دیكه‌ی وه‌فده‌كه‌ی كۆنگرێس پێكهاتبوو له مایكل باومگارتنه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه و هه‌ر یه‌كه له سارا جاكۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزارییه چه‌كدارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا.
PM:07:20:13/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 416
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت