مەسرور بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا: پێویستە بە زوویی کابینەی نوێ پێکبهێندرێت
وێستگەنیوز_
مەسرور بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە و "شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ هەرێم دووپات کردەوە."
ئەمرۆ یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس ، مایکل باومگارتنەر ، سارا جاکۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێکهاتبوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندی کۆنگرێس کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو، هەروەها "ئاماژەیان بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە."
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر "چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی؛ و هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە."
ئاماژە بەوەشکراوە، "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون."
PM:06:31:13/04/2025
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت