رێکخەری گشتی گۆڕان: پێویستە لەسەر هەموومان بەیەكەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزبكەینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 12ی نیسانی 2025، دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لە مەكۆی سەرەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە باژێڕوان و رێكخەرانی ژوور و سەرپەرشتیاری مەكۆكان و نوێنەرانی جڤاتی گشتی كۆبووەوە.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، ئامانج لە كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە لەلایەک و هەنگاوە پێویستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ قۆناغی داهاتوو بوو.

دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "لەئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان بەدۆخێكی سەختی رێكخراوەیدا تێدەپەڕیت، بەڵام كێشەكان چەند گەورەبن، ویست و ئیرادەی گۆڕانخوازان بۆ چارەسەرکردنیان و بەهێزكردنەوەی گۆڕان، وەك بزووتنەوەیەكی جەماوەری ئۆپۆزسیۆن، بەهێزتر و گەورەترە، لەبەرئەوە هەموو ئەو كێشانەی هاتوونەتە رێگەی گۆڕان بە پشتیوانی هەمووان چارەسەر دەبن و بەیانمان لە ئەمڕۆ ناچێت".

رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، جەختیشی كردەوە، "گۆڕان ماڵی هەموو گۆڕانخوازانە، ماڵی هەموو ئەو كەسانەیە لە ساڵی (2009)ەوە پشتیوانیان کردووین و دەنگیان پێداوین، هەربۆیە پێویستە لەسەر هەموومان بەیەكەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزبكەینەوە، روانگە جیاوازەکان بکەینە خاڵی بەهێزکردنەوە و گەڕانەوەی متمانە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، رێکخەری گشتی ئەو هەنگاوە یاساییانەی كەوتووەتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان لە گرێدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، لەژێر رۆشنایی یاسا كارپێكراوەكانی دەوڵەتی عێراق و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە هەوڵی جێبەجێکردنیانداین.

لەو ڕوانگەیەوە، رایگەیاند، "كۆنفرانس دەكەینە سەكۆی كۆكردنەوە هەموویان، وێستگەی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و وەلانانی خاڵە جیاوازەكان، چونكە خەڵكی كوردستان، گۆڕانخوازان و هەمو دۆستەكانمان چاوەڕوانی ئەوەن بەئیرادەیەكی هاوبەش، كە خەمی گشتی و بەرژەوەندی گشتی لەپشتەوەیە، ئەم قۆناغەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕێنین و هەموان بەیەكەوە بزوتنەوەی گۆڕان سەرپێ بخەینەوە".


PM:06:04:12/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت