مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە


وێستگەنیوز_

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.

ئەمرۆ هەینی 11ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردن و پتەوکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

هاوکات، "هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان و ڕۆڵێکی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدا هەیە.

مەسرور بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.


PM:08:25:11/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت