بەرگری شارستانی سۆران: بە درێژایی 20 کیلۆمەتر و بە 24 تیم بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەرێین


وێستگەنیوز_ شاهین فوئاد

رۆژی 5ی 4ـی 2025، ئاڤێستا یوسف، بۆ سەیران چووبووە دەڤەری بارزان و لەوێ کەوتە نێو رووباری شانەدەر، زۆریی ئاوی رووبار و لێڵیەکەی لەم وەرزەدا ئاستەنگن لە دۆزینەوەی تەرمەکەی. هەتا ئێستاش تیمەکانی بەرگریی شارستانی بست بە بستی رووبارەکە دەگەڕێن، رێ و رێکاری نوێ بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا تاقیدەکەنەوە.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "هەتا ئێستا لە هەوڵداین، ئەمرۆ شەشەمین رۆژە بەردەوامین لە گەڕانەکانمان."

ئاماژەی بەوەشکرد، بە درێژایی 20 کیلۆمەتر، بە 12 بازگەی جێگیر و بە 24 تیم بەدوای تەرمەکەدا دەگەرێین. 

موقەدەم کاروان میراودەلی وتیشی: "بە درێژایی 20-25 کیلۆمەتر دەگەڕێین چونکە پێمان وایە هێشتا لە سنووری ئاوی ناوچەکەی ئێمەدایە و و نەچووە بەرەو سنووری هەولێر و بێخمە، سروشتی ئاوی زێیەکان وایە بە ئاسانی کەسی تێدا نادۆزرێتەوە، چونکە ئەمە گۆم نییە و بە رۆژێک کەسی وون بوو بدۆزرێتەوە."

بە وتەی ناوبراو، ئاڤێستا بۆ سەیران و گەشت کاتێک لەو ناوچەیە بوون و کاتێک ویستوویەتی چەند وێنەیەکی یادگاری بگرێت، ئەم کارەساتە روویداوە. 

یوسف سەدرەدین، باوکی ئاڤێستا پێشتر رایگەیاند، "ئاڤێستا گەلێک باش بوو، دەتگوت خوا خەبەری پێداوە و خەونی بینیبوو، دەیگوت: دەمرم. هەینی بەنیاز بوون بێنە ئێرە و نەهاتن. لە شەممەوە ئەوە ئاڤێستا لەنێو ئەو ئاو و قوڕاوەیە، هەتا بەدەستم نەکەوێتەوە ناڕۆمەوە. هاوکاریی خەڵکی ئێرە، خەمەکەیان سووک کردووم. سوپاس بۆ خودا لە ناوچەیەکی وا لێم قەوماوە، کە هاوبەشی خەمەکەمن."
 
تائێستا هیچ سۆراغێک بۆ تەرمەکەی ئاڤێستا نییە، بەڵام دەم رووبارەکە دەڵێی هۆڵی پرسەیە، خەڵک و ناسیاو، پۆل پۆل بۆ دڵنەوایی کەسوکاری ئاڤێستا دێن.
 
زارا عەلی، دایکی ئاڤێستا هێشتا بە خەیاڵ لای ئاڤێستای کچیەتی و بە حسرەتی دوا دیداری کچەکەیەتی، دەڵێت، "کاتژمێر 12:00ی شەوی پێش خنکانەکەی جلی کوردیی لەبەر کرد و پێی گوتم: دایە کامە جلەم لێ جوانە؟ جلێکی مۆری هەڵبژارد و پێم گوت: زۆر جوانە. لەدوای ئەوکاتیەوە نەمبینییەوە تاوەکو ئێستا. ئەگەر هەر نەیدۆزمەوە، داوام کردووە لێرە جێگەی خێمەیەکم پێ بدەن، تاوەکو ئاڤۆ لێرە بێت منیش لێرە دەبم و ناگەڕێمەوە هەولێر."


PM:02:20:10/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو