بارزانی بۆ یەکێتی و پارتی: پێویستە هەرچی زووە کابینەی نوێ پێکبهێنن؛ رەنگە قەیرانی گەورەتر لە ناوچەکەدا رووبدات
وێستگەنیوز_
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی 4ـی 2025، مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێری بۆ کتێب بە دروشمی "جیهان بە کوردی دەدوێت" کردەوە.
لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتوو بوو و ئێستەش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی کورسییان بەدەست هێناوە، هەر کەسەو بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە حکومەتێک، کابینەیەک دروست بکەین. کوردستان موڵکی هەموومانە و هەمووشمان برای یەکترین، هەموومان کەسی یەکترین."
بارزانی راشیگەیاند، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشداری پێکهێنانی حکومەت بن، بەڵام بەرپرسیارییەتی هەرە گەورە دەکەوێتە سەرشانی پارتی و یەکێتی. هەتا ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام دەبێت هەرچی زووترە کارەکانیان تەواو بکەن و کابینەی نوێ پێکبهێنن چونکە قەیرانی گەورە لە ناوچەکە روویداوە و رەنگە قەیرانی گەورەتریش رووبدات."
دووپاتیشیکردەوە کە، "تەنها مەرجی سەرکەوتنی کورد؛ یەکگرتنی کوردە، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین، وەسیەتم بۆ پارتی و یەکێتی ئەوەیە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت."
وتیشی: هەندێک گرفتی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە.
بە وتەی بارزانی: "عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەما دامەزرا ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان بوون، بەڵام کاری پێنەکرا. لە ساڵی 2005 دەستووری نوێ نوسراوە بۆ عێراق، کە کورد رۆڵێکی سەرەکی بینی، ئەگەر ئەو دەستوورە کاری پێ بکرایە ئەوا زۆرینەی کێشەکان چارەسەر دەکران. ئێستاش تاکە چارەسەری کێشەکان گەرانەوەیە بۆ دەستوور و پابەندبوون پێوەی، دەبێت هەمووان بوێری ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و لاپەڕەی نوێ هەڵبدەنەوە، چونکە شەڕی گەورە بەڕێوەیە و شەڕی گەورە ڕوویداوە."
PM:12:11:09/04/2025
ئهم بابهته 868
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت