پەیامی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە یادی 25 ساڵەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد


وێستگەنیوز-

لە یادی 25 ساڵەی کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و رووناکبیری گەورەی کورد، ئیبراهیم ئەحمەد بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکیان بڵاوکردەوە.


بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "وەک هەمیشە بە وەفاداریمانەوە یادی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەرز ڕادەگرین و ژیان و کۆشش و خەباتی لەبواری رووناکبیری و سیاسی، هاندەرمان دەبێت تا بەهەمان رۆحیەتی بەرزی نەتەوەیی خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەین".

ئاماژەی بەوەکرد، "مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدار و رۆشنکەرەوەی رێگای راست و رەوانی خەباتی کوردایەتی گەلەکەمانە، کە هیوایەک بوو لە ئومێد و هەستانەوە، کە هەمیشە ئامۆژگاری و رێنوێنییەکانی دەبێت هاندەری هەموولایەکمان بێت بۆ یەکڕیزی و برایەتی و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان و هێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پاراستنی کوردستانەکەمان".

بافڵ تاڵەبانی وتی، "یاد و یادەوەری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد هەمیشە لە دڵ و دەرونماندا زیندووە و بەنەمری دەمێنێتەوە".

هەروەها قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا دەڵێت، "ئەستێرەیەکی درەوشاوە کە هەرگیز لە ئاسمانی کوردستان ئاوانابێت. رۆشنبیرێکی مەزن، سەرکردەیەکی گەورەی خەباتی رزگاریخوازی، لە پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردی، ئەو شاعیر و نووسەرە مەزنەی ژان و ئازارەکانی گەلەکەی دەنووسییەوە، باپیرەی خۆشەویست و مامۆستا و پەروەردەکاری مەزنم یاد و ناوت بۆ هەمیشە لەناودڵمدا زیندووە".


PM:01:38:08/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو