پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەستگیرکراوە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ یەکشەممە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی، کەسێکیان دەستگیرکردووە.
 
بەرەبەیانی دوێنی ئاگر لە بەشێکی دوکانەکانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 150 دوکانی بازاڕەکە سوتاون.
 
لەو بارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، "شەوی پێش ئاگرەکە کەسێک لەناو بازاڕی دارەسوتاوەکە کە خۆی لەوێ کاسبکارە سەرقاڵی لەحیمکردن بووە، بە تۆمەتی ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە بێت دەستبەسەر کراوە".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەسەی دەستبەسەرکراوە هاوڵاتییەکی سوورییە بەڵام کوردی دەزانێت، ئەو لەکاتی وەرگرتنی وتەدا دەڵێت، تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەو لەحیمی کردووە، دواتر کارەبای کوژاندووەتەوە و دوکانەکەی داخستووە".
 
بە وتەی پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبار دەڵێت تاوەکو 12:00ـی شەو کاری کردووە و ئاگرەکەش نزیک 04:00ـی بەرەبەیان بووە، بەڵام تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەرکراوی دەهێڵنەوە تاوەکو پۆلیسی بە وردی تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکاتەوە و لە دۆخەکە دڵنیا دەبێتەوە.
 
ئاگرەکە زیاتر ئەو دوکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی ناو دوکانەکان.


PM:02:30:06/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت