نێچیرڤان بارزانی: داواکارین حکومەتی فیدراڵی رەگەزنامە و ماڵ و سامان بۆ کوردانی فەیلی بگەڕێنێتەوە
وێستگەنیوز_
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دا جەخت لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان و گەڕاندنەوەی وڵاتینامە و ماڵ و سامانیان.
ئەمڕۆ هەینی، یادی 45 ساڵەی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلییە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کوردانی فەیلی "تەنیا لەبەرئەوەی کوردن و پشتیوانیی شۆڕشی کوردستانیان کرد، رووبهڕووی کوشتن، دەستگیرکردن و راگواستن و ونکردن و لێسەندنەوەی رەگەزنامە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانیان بوون."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیدەگەیەنێت، "جەخت لەسەر داواکاریمان لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەینەوە بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانهکانی عێراق کە ئەو تاوانەی به جینۆساید ناساندووه، کوردە فەیلییەکان لە هەموو روویەکەوە قەرەبوو بکاتەوە و رەگەزنامە و ماڵ و سامانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکات."
ئەوەش هاتووە، "خوشک و برایانی فهیلیمان دڵنیا دهکهینهوه که هەمیشە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانهوهی مافهکانیان و بهدیهینانی دادوهری بۆ ئهوان و هەرچی پێویستە لەم بارەیەوە، درێخی ناکهین."
وەکو لە راگەیەندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، جینۆسایدی کوردانی فەیلی و هەموو هەوڵەکانی سڕینەوە و ئهو تاوانانهی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، "مێژوویەکی رەش و رابردوویەکی تاڵن کە جگه له نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ وڵات هیچی دیکەی نههێناوە."
جەختیشدەکاتەوە لەوەی، "دهبێت ئەو رابردووە ببێتە پەند و وانه بۆ بهدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر کە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکدی و پاراستنی مافی ههموو پێکهاتهکان لە عێراقدا بنیات نرابێت."
PM:02:10:04/04/2025
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت