ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی میانمارەوە تا دێت بەرزتر دەبێتەوە
وێستگەنیوز_
ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی میانمارەوە تا دێت بەرزتر دەبێتەوە و سەرپەرشتیاری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار دەڵێت، هیچ هاوکارییەکیان لەلایەن وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی بەسەر لێقەوماوانی میانماریدا دابەشی بکەن.
ئەمرۆ سێشەممە، 1ـی 4ـی 2025، مارکۆلویجی کۆرسی، سەرپەرشتیاری کاروباری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە هاوکاریکردنی خەڵکی میانمار بەردەوامین، بە سوودوەرگرتن لەو پێداویستییانەی هەمانە، بەڵام هیچ هاوکارییەکی نوێمان لەلایەن وڵاتانەوە بەدەست نەگەیشتووە".
رۆژی هەینی 28ـی 3ـی 2025 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 پلە و 6.4 پلە بە پێوەری رێختەر لە میانماریان دا.
بە گوێرەی حکومەتی وڵاتەکە کە دوایین ئاماری دوانیوەڕۆی ئەمرۆ بڵاوکردەوە، دوو هەزار و 719 کەس گیانیان لەدەستداوە، 4 هەزار و 500 کەس بریندار بوون و 270 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
بوومەلەرزەکان بە ڕادەیەک بەهێزبوون، کاریگەریان لەسەر تایلەندیش هەبوو و لەوێش 20 کەس گیانیان لەدەستدا.
هاوکات، حکومەتی میانمار پێشبینی دەکات ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت، چونکە هێشتا گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان بەردەوامە.
بە گوێرەی بەرپرسانی میانمار، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی بێ ماڵ و حاڵ بوون.
PM:10:39:01/04/2025
ئهم بابهته 828
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت