ئەمرۆ 34 ساڵ بەسەر کۆڕەوی ملیۆنی گەلی کورد تێپەڕدەبێت


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ 34 ساڵ بەسەر کۆڕەوى گەلى کورد لە باشوورى کوردستان تێپەڕی، ئەو کۆڕەوەی، تێیدا ملیۆنان هاوڵاتى لە ترسى هێرشى رژێمى پێشووی عێراق ئاوارەى ئێران و تورکیا بوون. 

34 ساڵ لەمەوبەر و لە دوای تەنها 26 رۆژ لە دەستپێکی راپەڕینی ساڵی 1991ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق هێرشی بۆسەر ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان دەست پێ کرد.

هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لە دژە هێرش و تۆڵەى رژێمى پێشوو لە دواى شکستەکانى راپەڕین، ئاوارەیی و کۆڕەوى بە کۆمەڵیان هەڵبژارد کە گەورەترین کۆڕەو بوو لە مێژووى گەلى کورد و مێژووى نوێى رووداوە سیاسییەکانى جیهاندا.

لە کۆڕەودا، بەشێکى زۆر لە گه‌لانی جیهان لە مەینەتیی گەلى کورد تێگەیشتن و هاوسۆزییان بۆ دەربڕى، فشاری زۆریان له‌سه‌ر حکومه‌تى وڵاته‌کانیان دروست کرد بۆ ئەوەى پشتیوانیی نێودەوڵە‌تیی‌ له‌ کورد بکرێت.

لە کاتێکدا بەهۆی هێرشەکانی سوپای عێراق ئەنجامەکانى راپەڕینی باشوری کوردستان مەترسییان لەسەر دروست ببوو، کۆڕەو پشتیوانیی وڵاتانى بەدوای خۆیدا ‌هێنا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناچاربوون پشتگیریی لە کورد بکەن.

کۆڕەو پەیامێک بوو بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کە گەلى کورد سەرما و برسێتی و ئاوارەیی لە مانەوە لە ژێر دەستی رژێم پێ باشترە، چونکە خەڵکى باشوورى کوردستان ئەزمونێکى زۆر خراپیان لەگەڵ هێرش و ستەمى رژێمى پێشوو هەبوو لە نمونەى ئەنفال و کیمیاباران.

کۆڕەوى ملیۆنى خەڵکى کوردستان هەرچەندە بە هەموو مانایەک کارەسات بوو، هیچ کەسێک لەو کاتەدا پێشبینى بۆ رووداوەکانى دواى کۆڕەو نەدەکرد، بەڵام دەستکەوتی باشى بەدەستهێنا، بڵاوبوونەوەی دیمەنى کارەساتەکە لە میدیاکان، کورد و دۆسیەکەى بە جیهان ناساند، هێرش و دڕندەیی رژێمى پێشووشى خستە بەرچاوى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، دواتریش بڕیاری دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لە هێڵی پانی 36، بەسەر رژێمی بەعسدا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى سەپێنرا، کە زەمینەی بۆ دووبارە ئازادکردنەوەی سێ پارێزگاکەی ھەرێم رەخساند.


PM:01:33:31/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت