78 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەممەد تێپەڕدەبێت


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ دووشەممە 31ـی ئادار، 78 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەممەد، دامەزرێنەری یەكەم كۆماری كوردستان، ئەو كۆمارەی یەكێكە لە گەورەترین رووداوەكانی مێژووی هاوچەرخی كورد، كە تێیدا بۆ یەكەمجار لەمێژووی نوێدا، كورد توانی كۆمارێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئەگەرچی تەمەنی كۆمارەكە كەم بوو، بەڵام توانی فەرمانڕەوای ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بكات و دامودەزگاكانی حكومەت دابمەزرێنێت و بە ئازادی گۆڤار و رۆژنامە دەربكات و هەوڵی بە كوردیكردنی خوێندن بدات.

قازی محەممەد كوڕی قازی عەلی، لە یەكی ئایاری 1893 لە شاری مەهاباد لەدایكبووە و لەمنداڵییەوە خولیایەكی زۆری بۆ زانست و فێربوونی زمانەكان هەبووە، جگە لە فارسی و عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی و روسی زانیوەو كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی بووە، بەردەوام لەنێو زانایان و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرو سەرۆك هۆزەكاندا بووە.

لە چلەكانی سەدەی رابردوو لەبەر گرنگیدانی بە زانست و مەعریفەی خەڵك بەرپرسیارێتی فەرمانگەی فەرهەنگ و ئەوقافی مەهابادی وەرگرتووە،  دوای مردنی باوكی بە قازی ( دادوەر)ی شار هەڵبژێردراوە، هەر لە سەردەمی ئەودا یەكەم قوتابخانەی كچان لە مەهاباد كراوەتەوە.

دوای سەرهەڵدانی راپەڕینێكی جەماوەری لە ساڵی 1941  و كۆنترۆڵكردنی زۆربەی ناوچە كوردییەكان ، لە شاری مەهاباد لیژنەیەك لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكان دەسەڵاتی ناوچەكەیان گرتە دەست و پارتێكی سیاسی بەناوی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان ( ژێ‌ كاف) دامەزراو قازی محەمەد بەسكرتێری پارتەكە هەڵبژێردرا.

لە ئەیلولی 1945 قازی محەممەد و هاوڕێكانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی سەردانی تەبرێزیان كرد و لەگەڵ كونسوڵی یەكێتی سۆڤیەت كۆبوونەوە، لەوێش ئاگاداركرانەوە كە پارتی دیموكراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای تەبرێزدا گرتووە، قازی محەممەدیش هەمان هەوڵەكانی دەستپێكرد و دوای چەند مانگێك لە دامەزراندنی حزبی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژیانەوە، لە رۆژی 22ی كانونی یەكەمی 1945 بەئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر و نوێنەرانی هەر چوار پارچەی كوردستان كۆماری كوردستانی راگەیاند و حكومەتێك لە سەرۆك وەزیران و 13 وەزارەت پێكهێنرا.

دوای 11 مانگ لە تەمەنی كۆمار لە 26ی ئاداری 1946 بەهۆی گوشاری ئەمریكا و رۆژئاوا، یەكێتی سۆڤیەت لە باكووری ئێران كشایەوە و سوپای حكومەتی پەهلەوی ئێران لە21ی ئاداری 1946 دەستی گرت بەسەر شاری تەبرێزدا و كۆماری ئازربایجانی رووخاند، دواتریش پەلاماری ناوچە كوردییەكانی داو لە 15ی كانوونی یەكەم دەستیگرت بەسەر شاری مەهاباد-دا، ئەوەش دوای ئەوەی قازی محەممەد لە نێوان پاراستنی گیانی خەڵك و بەرگریكردن لەكۆمارەكەی؛ بڕیاری شەڕنەكردنی هەڵبژارد و رایگەیاند، (من خۆم فیدای خەڵكی دەكەم و هیچكات وەك سەرانی ئازربایجان ناكەم، تا وڵاتەكەم لە خوێندا شەڵاڵ بێت و هەزاران كەس بەكوشت بچن). 

دواجار لە دادگایەكی نادادپەروەرانی سەربازی، بەتاوانی گۆڕین و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران و راگەیاندنی سەربەخۆیی و سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە‌ بە لكاندنی كوردستانی ئێران و عێراق و توركیا و سووریا و دانانی ئاڵای تایبەت بۆ كوردستان بەرەبەیانی رۆژی 31 ئاداری 1947 قازی محەممەد و سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران.


PM:01:21:31/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت