باخچەلی: پێویستە لە کۆنگرەیەکدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بدرێت


وێستگەنیوز_

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) داوا دەکات، پەکەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. 
 
دەوڵەت باخچەلی لە وتارێکیدا ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025 لە رۆژنامەی تورکگونی پارتەکەی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئامانجی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' نزیکە لەوەی ببێتە واقیع، یەکێتی نەتەوەیی لە تورکیا بنیات دەنێت و ئاشتی و سەقامگیری خەریکە دەبێتە هەمیشەیی، ژیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ لە وڵاتدا پێکدێت". 
 
باخچەلی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بە مێژوویی ناوبرد و دەڵێت، "دوای بانگەوازەکە، خەڵک بە ئومێدەوە چاوەڕوانە، بەدەست ئێمەیە کە ئەم چاوەڕوانییە بکەینە خۆشی نەک خەم و پەژارە. تورکیایەکی بێ تیرۆر دەبێتە تورکیایەک کە دیموکراسی بەهێزتر بووبێت، لە سەردەمێکدا کە جیهان رێکدەخرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم پێشکەوتنە ببێتە دەرفەتێک بۆ تورکیا".
 
باسی لەوەشکردووە، "سەرەتا دەبێت چەک دابنرێت، پێویستە بەخێرایی کۆنگرەیەک ببەسترێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە جێبەجێ بکرێت. پێویستە یەکێتی نەتەوەییمان لەڕێگەی چاکسازیی هەمەلایەنەوە بەهێز بکرێت، دادپەروەری و یەکسانییش بنچینە بێت".
 
باخچەلی داوای دەستوورێکی نوێ دەکات و دەڵێت، "با دەستوورێکی نوێ بنووسین کە هەمووان خۆیان تێدا ببیننەوە".


PM:12:43:31/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت