بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژن دەکەن و پەیامی جیاوازیان هەیە


وێستگەنیوز-

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوەی پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە و جەخت لەسەر تەبایی و ئاشتی دەکەنەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی، "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم".

دەشڵێت، "لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و ئارامی بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و، لە خودای گەورە داواكارم ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ بکات و ئەو جەژنە ئاشتی و خێر و ئارامی بۆ گشت مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى پیرۆزى ڕه‌مه‌زان له‌ ته‌واوى موسڵمانان له‌ كوردستان، هه‌روه‌ها له‌ عێراق و جیهان، به‌تایبه‌تيش له‌ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان پیرۆز بێت. هيوادارم هه‌مووان جه‌ژن و پشوویه‌كى ئارام و ئاسووده‌ و پڕ له‌ كامه‌رانى به‌سه‌ر به‌رن و به‌ خێر و خۆشى بۆ هه‌موو لايه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئه‌م جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌، بۆنه‌ و ده‌رفه‌تێكه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان پابه‌نديمان به‌ مانا و به‌ها و په‌يامه‌ باڵاكانى له پێكهاتنه‌وه‌، لێبورده‌يى، ئاشته‌وايى، لێكخۆشبوون و مرۆڤدۆستييه‌وه‌ نوێ بكه‌ينه‌وه‌، به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانماندا بچينه‌وه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و خۆشه‌ويستى، دۆستايه‌تى و هاريكارى، دايانبڕێژينه‌وه‌".

ئەوەشی وت، "هيوادارم جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو، بۆ هه‌مووان له‌ دۆخ و ڕۆژگار و ژيان و گوزه‌رانێكى باشتردا بێنه‌وه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق‌، يه‌كڕيز و ته‌با، بتوانين باشتر خزمه‌تى گه‌ل و نيشتمان بكه‌ين".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. ئومێدەوارم پشووی جەژن، لە خۆشی و شادی و ئارامیدا بەسەر ببەن".

راشیگەیاند، "لە خوای مەزن نزاکارین کە رۆژوو و خواپەرستیی هەمووان قبوڵ بکات و هیوادارین بنەماکانی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و گەلانی جیهاندا بەهێزتر ببێت و زیاتر گەشە بکات".

هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی کرد و رایگەیاند، "هیوادارم ئەم جەژنە، هاندەرمان بێت تا بە گیانی لێبوردەیی و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە هەنگاوبنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکان و باشترکردنی حکومڕانی و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بۆنە پیرۆزەدا دووپات لە پێویستیی تەبایی، برایەتی و یەکڕیزی نێوان گەلەکەمان دەکەمەوە لە پێناو بەهێزکردنی قەوارەکەمان و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمەکەماندا".

قوباد تاڵەبانی، جێگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی کرد و وتی، "جەژنی رەمەزان لە هەموو لایەک پیرۆزبێت و رۆژوو تاعەتی موسوڵمانان قبوڵ بێت، هەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە ناومان".

لە پەیامێکدا سەڵاحەدین بەهادین، ئەمنیداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لەخۆمان و گەلی كوردستان و عێراق و سەرجەم موسڵمانانی جیهان پیرۆز دەكەم، لەخودای میهرەبان داواكارم تاعەتمان لێ قوبڵ بكات و بیگێڕێتەوە بەسەر ئوممەتی ئیسلام و مرۆڤایەتیدا بەخێرو خۆشی و شادی و ئاشتی و پێشكەوتن..

ئاماژەی بەوەدا، "سوپاس بۆ خودا ڕەمەزانێكی پڕ لە خۆشی و عیبادەت و جۆش و خرۆشی ئیمانی و بەخشین و هاوكاری كۆمەڵایەتی بوو، بەڵام بەداخەوە جەژنەكەمان لەكاتێكدایە كە گەلی ستەمدیدەی غەززە لەژێر ئابڵۆقەو بۆمبارانی داگیركاری زایۆنیدایەو ئاگربەستیان شكاندوەو بەدیار چاوی هەموو جیهانەوە ستەمیان لێدەكرێت و كۆمەڵكوژی دەكرێن".

دەشڵێت، "هیواخوازین بەرەكەتی ڕەمەزان و پیرۆزی جەژنەكەی باڵ بكێشێ بەسەر ناوچەكەمانداو كۆتایی شەڕوخوێن و ستەم بێ.. مرۆڤایەتی لە تەعلیماتی سەنگینی ئیسلام و جوانی پەیام و پایەكانی سودمەند ببێ و كۆتایی بەستەم و ناعەدالەتی بهێنرێ.. بەتایبەت وڵاتی خۆمان و گەلی كوردمان لەهەموو پارچەكان بەهرەمەند ببێ لەبرایەتی و مافی ڕەوای خۆی و پێكەوەژیانی گەلان".

هەروەها عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی کرد و رایگەیاند، "له‌ خودای به‌خشنده‌ داواكارم خواپه‌رستی ‌و چاكه‌كانی مانگی رەمەزان له‌هه‌موو لایه‌كمانی قبووڵ فه‌رمووبێ ‌و گوناهـ و هه‌ڵه‌ و خراپه‌كانیشمانی لێ سڕیبینەوە".

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتیشی، "جەژنی رەمەزان دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئاشتەوایی و تەبایی".


PM:08:21:29/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت