له‌سه‌ر دیاریكردنی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن جیاوازی له نێوان سعودیه و ئێران هه‌یه
وێستگه‌نیوز-
تا ئێستاش له جیهانی ئیسلامی‌دا جیاوازی له‌سه‌ر دیاریكردنی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان هه‌یه به‌تایبه‌ت له نێوان وڵاتانی به‌ره‌ی ئێران و وڵاتاتی به‌ره‌ی سعودیه ناكۆكییه‌كه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.
سعودیه ئه‌مڕۆ و ئێران سبه‌ینێ چاودێری مانگ ده‌كه‌ن
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كه 29ی ره‌مه‌زانه له وڵاتانی سوننه مه‌زهه‌ب كه زیاتر وه‌ك وڵاتانی سه‌ر به به‌ره‌ی سعودیه ناسراون، له‌نێویاندا هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌كانی بینینی مانگ كۆده‌بنه‌وه و چاودێری بینینی مانگ ده‌كه‌ن تا بزانرێت ئایا ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ 30 رۆژ ده‌بێت یاخود 29 رۆژه و سبه‌ینێ ده‌بێته جه‌ژن.
نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌وباره‌وه رایگه‌یاند كه ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی بینینی مانگ، چاودێری مانگ ده‌كات تا یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن دیاری بكات، هاوكات له چیای حاجی ئۆمه‌رانی هه‌ولێر و له سلێمانی چیای گڵه‌زه‌رده و له دهۆك چیای زاوا چاودێری مانگ ده‌كرێت.
وتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ مانگ ببینرێت به‌یانی یه‌كشه‌ممه ده‌بێته یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، ئه‌گه‌ر مانگیش نه‌بینرا دووشه‌ممه ده‌بێته یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن".
پێچه‌وانه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌ش وڵاتانی شیعه مه‌زهه‌ب كه وه‌ك وڵاتانی به‌ره‌ی ئێران ناسراون، له‌گه‌ڵ وڵاتانی به‌ره‌ی سعودیه دژ به یه‌كن به‌جۆرێك به‌ر له بینینی مانگ بڕیاریان داوه رۆژی دووشه‌ممه جه‌ژن بێت.
لیژنه‌ی بینینی مانگ له ئێران له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ چاودێریی بینینی مانگ ناكه‌ین، سبه‌ی چاودێریی مانگ ده‌كه‌ین و پێشبینی ده‌كه‌ین دووشه‌ممه یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان بێت".
به بڕوای خامنه‌یی دووشه‌ممه جه‌ژنه
لای خۆیه‌وه عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران وتی: "ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه به روونی توانای بینینی مانگی شه‌وال هه‌یه كه‌واته رۆژی یه‌كشه‌ممه ته‌واوكه‌ری مانگی ڕه‌مه‌زانه و رۆژی دووشه‌ممه یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنه".
"به قسه‌ی سعودیه مه‌كه‌ن"
له‌ناوخۆی هه‌رێمیش مامۆستا جاسم كه‌لاری، مامۆستای ئاینی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان وەک پشتگیرییەک بۆ بۆچوونەکەی خامنەیی رایگه‌یاند كه "ئه‌م به‌یانییه 10 خوله‌ك پێش رۆژهه‌ڵهاتن، مانگی ره‌مه‌زان هێشتا ماوه و ئه‌مڕۆ پاشنیوه‌ڕۆ له‌دایك ده‌بێت و بینینی به چاو و ته‌لیسكۆپیش ئه‌سته‌مه".
ئه‌و مامۆستا ئاینییه كورده ده‌ڵێت: "بڕیار لای لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه، هیوادارین له حاڵێكدا سعودیه بڕیاری جه‌ژنی دا لیژنه‌ی بینینی مانگ له هه‌رێم سه‌رپێچییان لێ بكه‌ن و نه‌یكه‌ن به جه‌ژن".
بۆ جه‌ژن پشت به بڕیاری وڵاتانی دراوسێ نابه‌ستین
له‌لایه‌كی تره‌وه عه‌باس خدر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئه‌وقافی سلێمانی، له‌باره‌ی دیاریكردنی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان رایگه‌یاند كه "بۆ دیاریكردنی جه‌ژن پشت به بڕیاری وڵاتانی دراوسێ نابه‌ستین، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له گڵه‌زه‌رده و گۆیژه و به‌رزاییه‌كانی قه‌یوانه‌وه به ئامێری تایبه‌ت چاودێری بینینی مانگ ده‌كه‌ین".
"ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بینینی مانگ له هه‌رێم زۆر زه‌حمه‌ته"
لای خۆیه‌وه سیروان ساڵح، شاره‌زای كه‌شناسی و جوگرافی رایگه‌یاند كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه بینینی مانگ له هه‌رێمی كوردستان زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت، چونكه قه‌باره‌ی مانگ زۆر بچووكه و ته‌نها 7 خوله‌ك دوای ئاوابوونی خۆر له‌ئاسمان ده‌مێنێته‌وه، هاوكات ئاسمان له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كان ناڕوون ده‌بێت و هه‌وری جۆری سمحاق ئاسمان داده‌پۆشێ".
وتیشی: "له سعودیه ئه‌گه‌ر هه‌یه به ته‌لیسكۆب مانگ ببینرێ له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌میان چونكه ئاسمان له‌زۆربه‌ی كه‌ناره‌كانی ده‌ریای سوور روون ده‌بێت، جگه له‌مه‌ش مانگ 14 خوله‌ك دوای خۆر له‌ئاسمان ده‌مێنێته‌وه و ئینجا ئاوا ده‌بێت".
PM:02:21:29/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 1636
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت