کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی رووناکی دەگاتە شەش گەڕەكی دیكەی هەولێر


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کارەبای 24 کاتژمێری پڕۆژەی رووناکی دەگاتە شەش گەڕەكی دیكەی هەولێر.


ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاداری 2025، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی رووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ شەش گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانی (تەیراوە، مستەوفی، کورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەددین و منارە)".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر سوومەندبوون لە پڕۆژەی ڕووناکی لە گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، راستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عارەبان و منارە). بەمشێوەیەش بەکۆی گشتی تەنها لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 26 گەڕەک و 346 هەزار هاوڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە".

وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکرد، "پڕۆژەی رووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تائێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 415 هەزار هاوڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 35 گەڕەکی جیاواز لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان".

بۆ زانیاری زیاتر، هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی ڕووناکی لەڕێگای ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک. سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکو 9ی شەو بەردەستە.


PM:08:53:28/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 2592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت