حكومه‌تی هه‌رێم: هیچ رێككه‌وتنێكمان له‌باره‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له‌گه‌ڵ عێراق نه‌كردووه
وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه لێدوانی چه‌ند به‌رپرسێكی حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له‌سه‌ر پرۆژه‌ی رێگای گه‌شه‌پێدان دروست نین و هیچ رێككه‌وتنێكمان له‌وباره‌وه نه‌كردووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "له چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ندین لێدوان به‌ناوی به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ بڵاوكرایه‌وه ده‌رباره‌ی گه‌یشتن به رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ سه‌باره‌ت به پلانی كۆتایی پرۆژه‌ی رێگای گه‌شه‌پێدان (هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر - رێگای نێوده‌وڵه‌تی) له ناوچه كوردستانییه‌كان و جوگرافییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "دوایین كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ له 23-5-2024 بووه، له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتیی ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی یونس خالید جه‌واد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری عێراق له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ و سه‌فا جه‌بار ناسر، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له وه‌زاره‌ته‌كه و برۆنۆ ترۆكا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له كۆمپانیای راوێژكاریی ئیتاڵی (BTP) و بیلال ئه‌لعه‌لی، راوێژكاری كۆمپانیا به‌ڕێوه‌چووه".
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه ده‌ڵێت: "له ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ولێردا، ئانۆ جه‌وهه‌ر له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه په‌یوه‌ندی به وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق كردووه و هه‌ردوولا له‌سه‌ر كۆنووسی ئه‌و كۆبوونه‌وه رێككه‌وتن و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش تیمی هه‌ردوولا به كۆی ده‌نگ، واژۆیان له‌سه‌ر كۆنووسه‌كه كردووه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "به فه‌رمی ئه‌م كۆنووسه وه‌ك نه‌خشه رێگایه‌كی هاوبه‌ش دانرا بۆ گه‌یشتن به بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به رێگه‌ی پڕۆژه‌ی رێگای گه‌شه‌پێدان له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دراوسێكانی هه‌رێم و له‌لایه‌ن هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و كۆمپانیای راوێژكاری و نووسینگه‌ی پاوه‌ری راوێژكاری ئه‌ندازیاری له نزیكه‌وه به‌دواداچوون ده‌كرێ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی پرۆژه‌كه".
ده‌شڵێت: ""بڕیار وابوو به پێی ئه‌و رێككه‌وتنه دووقۆڵییه، كۆنووسه‌كه بخرێته به‌رده‌م هه‌ر یه‌ك له محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بده‌ن".
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم روونیكردووه‌ته‌وه كه "ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند كاتژمێرێك له واژۆكردنی كۆنووسه‌كه روویدا، چه‌ندین نیشانه‌ی پرسیاری لای وه‌زاره‌ته‌كه‌مان ورووژاند، كاتێك تیمی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵی به‌شداری له سه‌ردانی مه‌یدانی نه‌كرد بۆ ئه‌و رێڕه‌وه‌ی كه وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پێشنیازی كردبوو بۆ هێڵی ئاسن (شه‌مه‌نده‌فه‌ر) و رێگای خێرای نێوده‌وڵه‌تی له ناوچه دراوسێكانی كوردستان و ناوخۆی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی دوای سێ رۆژ له واژۆكردنی كۆنووسه‌كه روویدا زیاتر شۆكهێنه‌ر بوو، كاتێك له‌بری ئه‌وه‌ی كۆنووسه‌كه پێشكه‌ش به سه‌رۆك وه‌زیران له به‌غدا بكرێت، كۆنووسه‌كه هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و خۆیان لێی دزییه‌وه".
ده‌شڵێت: "وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراقی به نووسراویان ژماره (11 ك 3326) له 26-5-2024، راسپارده و پێشنیازه تۆماركراوه‌كانی له كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له هه‌ولێر و به واژۆی وه‌زیر (ره‌زاق محێبس سه‌عداوی) و به‌بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت ره‌تكرده‌وه".
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن به‌مشێوه‌یه باسی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ده‌كات "ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ی كه زاڵ بوو به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا له هه‌ولێر، كه‌شوهه‌وا و هه‌ستێكی نیشتمانی و برایانه بوو له‌نێوان تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له حكومه‌تی كوردستان و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵی و به ئاماده‌بوونی كۆمپانیای راوێژكاری ئیتاڵی و نووسینگه‌ی راوێژكاری ئه‌ندازیاری و دوای واژۆكردنی كۆنووسه‌كه كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش كرا كه كاریگه‌ریه‌كی ئه‌رێنی به‌جێهێشت بۆ پشتگیریی پڕۆژه‌كه، به‌ڵام ئه‌و پێشهاته نه‌خوازراوانه‌ی كه دوای چه‌ند كاتژمێرێك و رۆژێك دوای واژۆكردنی كۆنووسه‌كه روویدا جێگه‌ی پرسیار و نائومێدی بوو".
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی جێگیری سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی كوردستان ده‌كاته‌وه له پشتگیریكردنی "پڕۆژه نیشتمانییه‌كان كه ده‌بنه هۆی خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و له پێشیانه‌وه پڕۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان". هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر "هه‌ڵوێستی جێگیری حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت ده‌كاته‌وه سه‌باره‌ت به‌و رێڕه‌وه‌ی كه وه‌زاره‌ت پێشنیازی كردووه له ناوچه دراوسێكانی هه‌رێم و له خاكه‌كه‌یدا كه (هێڵی ئاسن و رێگای خێرای وشكانی) كه 32 كیلۆمه‌تر كه‌متره به هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕێت كه له شاری موسڵ به رۆژهه‌ڵاتی رووباری دیجله تێده‌په‌ڕێت به ده‌شتی نه‌ینه‌وا و قه‌زای حه‌مدانیه و قه‌زای ته‌لكێف به قه‌زای سێمێل له پارێزگای دهۆك و گوندی دێرابوون له رۆژهه‌ڵاتی رووباری دیجله و سنووری عێراق - توركیا له لای هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی گوندی قه‌رۆڵڵا له ناحیه‌ی رزگاری له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له رۆژهه‌ڵاتی رووباری دیجله.
راشیگه‌یاندووه كه "ئه‌م رێڕه‌وه پێشنیاركراوه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێڕه‌وێكی كورتتره و تێچووی كه‌متره، خزمه‌ت به پێكهاته جۆراوجۆره‌كانی گه‌لی عێراق ده‌كات له رووی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌وه له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و هه‌روه‌ها گه‌شه ده‌دات به گوند و ناحیه و قه‌زاكان كه زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بوون له ده‌ستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ناكرێ پشتگوێ بخرێن له پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی و گرنگ وه‌ك پڕۆژه‌ی رێگای گه‌شه‌پێدان و كه له به‌غدا به بیابان و چۆڵستانێكی وشكدا تێده‌په‌ڕێت".
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن لێدوانی به‌رپرسانی به‌غدا ره‌تده‌كاته‌وه و تیایدا هاتووه كه "هه‌ندێك به‌رپرس له حكومه‌تی فیدراڵی لێدوانیان داوه سه‌باره‌ت به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن بۆ پڕۆژه‌ی رێگای گه‌شه‌پێدان. به هیچ شێوه‌یه‌ك راست نین و گه‌یشتن به پلانێكی كۆتایی بۆ پڕۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان (هێڵی ئاسن و رێگای خێرای وشكانی) له جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دراوسێكانی په‌یوه‌سته به راده‌ی ئاماده‌یی هاوتا و هاوكارانمان له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ كاركردن پێكه‌وه وه‌ك یه‌ك تیم له‌نێو به‌رنامه‌یه‌كی پیشه‌یی ته‌واوكاردا بۆ دیاریكردنی رێڕه‌وێك كه به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان له هه‌موو بستێكی ئه‌م نیشتمانه ده‌سته‌به‌ر بكات، هیچ ده‌ستبه‌رداربوونێك له مافه ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان نییه. بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان به‌رهه‌مدار بێت، پێویسته پڕۆژه‌یه‌كی عێراقی بێت بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان بێ جیاكاری یان پشتگوێخستن".
درێژیی پڕۆژه‌ی رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان هه‌زار و 200 كیلۆمه‌تره و پێكدێت له هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و گه‌شتیاران و هێڵی ئاسن، له به‌نده‌ری فاو له پارێزگای به‌سره‌وه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ نێو خاكی توركیا.
خه‌رجیی پڕۆژه‌كه به 17 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ كڕینی شه‌مه‌نده‌فه‌ری كاره‌بایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژكردنی هێڵی ئاسن ته‌رخان ده‌كرێت.
قۆناخی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه له ساڵی 2028 ته‌واو ده‌بێت، قۆناخی كۆتایی له ساڵی 2050 ته‌واو ده‌بێت.
AM:10:20:28/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 668
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت