رێبەر ئەحمەد: بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان رووماڵی رووداوەکانی کوشتن بکەن نەک زیادکردنی بینەر
وێستگەنیوز_
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ئازادیی ڕادەبڕین و دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە زانیارییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی 3ـی 2025، ڕێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاگەیاندن وەکو پێناسەی خۆی دەسەڵاتی چوارەمە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە ڕێز لێگیراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە ئازادی ڕادەبڕین و گەیشتن بە زانیارییەکان بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم کاری لەسەر دەکرێت، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاگەیەندنەکان ڕەخساندووە، هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن زۆر گرنگە کە هەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزێت، هەمیش زانیاری پێویست بگەیەنێتە کۆمەڵگە و ئەو دیاردە ناشرینانەش دەست نیشان بکات، تاوەکوو چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت: پرسیارەکە ئەوەیە دەبێت بەچ شێوازیک ڕووماڵی ئەو بابەتانە بکرێت، کەسمان دژی ئەوە نەبووین کە ڕاگەیاندن باسی ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانی ڕابردوو بکات، بەڵام دیاردە نەشازەکان بخرێتە بەر دیدی هەموو لایەک بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.
دەشڵێت: داوامان لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەیە، تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر دوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون، بەڵکو بۆ چارەکردنی کێشەکان ڕووماڵی ئەو ڕووداوانە بکەن، تکایە ڕۆڵی پۆلیس و داواکاری گشتیی و پزیشکی دادوەری مەبینین، یان لە بەرنامەکانتان بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاوانباران قسە مەکەن. چونکە دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ ئەوەی تاوانبار پاساو بۆ تاوانەکەی بهێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 26ـی ئادار، فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری کردووە رایگەیاند، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی رووماڵکردنی رووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ رەچاوکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە کاریگەری لەسەر دەروونی هاوڵاتیان، رەوتی لێکۆڵینەوەکان و ئاڕاستەکردنی رای گشتیی دەبێت.
داوایشکردووە، دەزگاکانی راگەیاندن پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە رێککاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.
PM:02:37:27/03/2025
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت