سوپای تورکیا بەشێک لە هێزەکانی لە سنووری ئامێدی بەرەو سنوورەکانی باکووری کوردستان دوورخستووەتەوە


وێستگەنیوز_

سوپای تورکیا بەشێک لە هێزەکانی لە سنووری ئامێدی بەرەو سنوورەکانی باکووری کوردستان دوورخستووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە میدیاییەکان، سوپای تورکیا بەشێک لە هێزەکانی لە سنووری ئامێدی بەرەو سنوورەکانی باکووری کوردستان دوور خستووەتەوە. هەروەها هاوڵاتیانی دانیشتووی سنوورەکە باسی ئەوەیان کردووە کە، لە چەند ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمجارە هێزەکانی سوپای تورکیا لەبری زیاتر چوونە ناو شارەکە؛ دوور بکەونەوە.

پێشتر چەندین جار هاوڵاتیان نارەزایی ئەوەیان دەربڕیوە کە "بەهۆی بوونی هێزەکانی تورکیاوە، نەیاندەتوانی بچنە سەر بەشێکی زەوییەکانی خۆشیان، یان لە وەرزی بەهار بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە بچنە بناری شاخەکان".

هێشتا بە روونی نازانرێت سوپای تورکیا هێزەکانی کشاندووەتەوە یان تەنها جوڵەیان پێدەکات و لە دواتردا پلانی دیکەی دەبێت، بەڵام ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی هێزەکانی لە سنووری ئامێدی و چەند گوندێکی دیکەی سنووری پارێزگای دهۆک جێگیر کردووە، بە جۆرێک لە ئامێدی خاڵە سەربازییەکانی چەند سەد مەترێکی کەم لە ماڵی هاوڵاتیانەوە دوور بوون.

بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستادا سوپای توركیا لە ناوچەكانی دێرەلوك و گوهەرزێ و چەند ناوچەیەكی دیكەی زنجیرە چیای مەتینا بە ئاڕاستەی باكووری كوردستان رۆیشتوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا تورکیا بۆردومانەکانی لە چەند ناوچەیەکی ناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆیە ئەو جوڵەیەی بە سەربازەکانی کردووە لە سنووری ئامێدی، هەتا ئێستا نا روونە و هۆکارەکەی دیار نییە.



PM:03:56:26/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت