داواکاری گشتیی سلێمانی: هەر کەناڵێک ڕووماڵی هەواڵی کوشتن بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە
وێستگەنیوز_
پاش ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا، چەند رووداوێکی کوشتن لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و بە شێوەیەکی چڕ ڕووماڵی سەرجەم ڕووداوەکان کرا، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، داواکاری گشتیی سلێمانی بڕیاریدا بەوەی، "هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن رووماڵ بکات رووبەڕووی رێککاری یاسایی دەبێتەوە."
لە نووسراوێکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری کردووە هاتووە، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی رووماڵکردنی رووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ رەچاوکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە کاریگەری لەسەر دەروونی هاوڵاتیان، رەوتی لێکۆڵینەوەکان و ئاڕاستەکردنی رای گشتیی دەبێت.
داوایشکردووە، دەزگاکانی راگەیاندن پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە رێککاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.
پێشتریش سەبارەت بە بڕیاری راگرتنی رووماڵی هەواڵەکانی کوشتن لەلایەن هەندێک میدیا و کەناڵەوە، رۆژنامەنووس
توانا عوسمان لە وتارێکیدا نوسیبووی، "بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتوبڕی هەڵەیە، چونکە توندوتیژی و کوشتن دیاریدەیەکی دێرینی ناو سروشت و کۆمەڵگایە و بەباسکردن و باسنەکردنی ناوەستێ، کەسیش پێش ئەنجامدانی توندوتیژی پرس بەمیدیا ناکات. میدیا ئیشی دابینکردنی شەفافیەت و زانیاری دروستە، هێزی چاودێریە، خەڵک مافی خۆیەتی ئاگای لەدونیا بێت، زانیاری دروستیش هۆشیاری دروستدەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "میدیا توانای ئەوەی هەیە فشار بکات بۆ دۆزینەوەی بکوژ، بۆ لێپرسینەوە لەتاوانبارو زڕوفی تاوانکاری تاوەکو هەم هۆشیاری کۆمەڵایەتی دروستبکات هەم لایەنی پەیوەندیدار ناچار بکات ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر."
توانا عوسمان دەڵێت: "ئەوەی هەڵەیە بەپاڵەوانکردنی تاوانبارە، بەلاڕێدابردنی لێکۆڵینەوەو شاردنەوەی ئەنقەستی هۆکارەکانە."
هەروەها
سەلام عومەر، راوێژکار و راهێنەری میدیایی نوسیویەتی: "رۆژنامەنوسان لەسەر تاسەری جیهاندا، روماڵی پرسی لەو شێوەیە دەکەن. بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە روداوی لەو شێوەیە شایەنی روماڵکردن نییە، بەڵێ روداوی وەک ئەوەی لە هەولێر، کەرکوک و سەیدسادق رویاندا شایەنی روماڵکردنن و پێویستە کۆمەڵگە بزانێت چی رویداوە و پاڵنەرەکانی پشتی کارەساتی لەو شێوەیە چین؟"
دەشڵێت: "زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی مردندا پێوەری نوسراویان نییە، بەوانەشەوە کاری سۆشیاڵ میدیا دەکەن. پێدەچێت بەمزوانە، لە سایەی پارەی هەڵڕژاوی خەڵک و بگرە و بەردەی نێوان کەناڵە نازدارەکانی شازادەکان، کوردستان ببێتە هەرێمی یەک ملیار "لایک". ئەگەر لەجیاتی گەڕان بەدوای راستی و چاودێریکردنی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، خەون و خەیاڵی دەزگاکە تەنیا لای "لایک" بێت، ئەوا لەو پێناوەشدا، هەموو لادانێکی ئەخلاقی دەکات. گەیشتن بە بینەر، بیسەر و خوێنەر گرنگە، بەڵام ئەگەر لەڕێی تێکشکاندنی هەموو سنورەکانی ئەخلاقی رۆژنامەوانیی، تایبەتمەندیی کەسی و یاساییەوە بێت، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت. دۆخی لەو شێوەیە، هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پیلانێکی ڕێکخراوە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی. ئەگەر خۆت و وڵاتەکەت خۆشدەوێت، دەبێت بزانی "لایک" بۆچی دەکەیت و کۆمێنت بۆ کێ دەنوسیت، ئەوە لێپرسراوێتییەکی کۆمەڵایەتی گرنگە."
سەلام عومەر پێی وایە، "هەموو ئەوانە پاساو نین تا خۆت بەدوربگریت لە روماڵکردنی شەپۆلێکی توندوتیژی کە کۆمەڵگەی توشی شۆککردووە. بەڕاستی کاتی ئەوەیە شێوازی مامەڵەکردنی بابەتەکە بگۆڕیت نەک بابەتەکە خۆی. حیکمەت لەوەدایە، کام هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەیتەوە، نەک کام بابەتە لە لیستی هەواڵەکاندا دەسڕیتەوە."
هەروەها رۆژنامەنووس
ئاڤان جاف سەبارەت بە رووماڵکردنی رووداوەکانی کوشتن دەڵێت: "تکایە با هۆشیارانە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی رووداوی کوشتن و تووندوتیژی بکەین، هاوکات لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستا نیم، مایک بردنە ناو ژووری خەو، راکردن بە دوای تەرم، چوونە بەردەم پزیشکی داد و خستنەڕووی زانیاری نادروستی گوێم لێبووە."
بە بڕوای ئاڤان جاف، پێویستە رۆژنامەنووس هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات بەرامبەر بڵاوکردنەوەی زانیاری سەرەتایی و "دۆزینەوەی میکانیزمی پێشکەوتوو بۆ چۆنیەتی ڕوومالكردن."
نووسراوەکەی داواکاری گشتیی سلێمانی:
AM:11:40:26/03/2025
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت