شارەزایەکی کەشناسی: رۆژانی جەژن باران دەبارێت
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، رۆژانی جەژن باراناوی دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە لە سەرجەم ناوچەکان پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئاداری 2025، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "کاریگەری ئەو تۆپەڵەهەوا ساردەی چەند رۆژێک بوو ناوچەکانی گرتبووەوە لەدوای ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە لە تەواوی ناوچەکان دەکشێتەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە تۆپەڵە هەوایەکی نیمچە گەرمی خەماسینی باکووری ئەفریقا روودەکاتەوە تەواوی ناوچەکان بە کاریگەری جیاواز زۆرترین کاریگەری لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک و موسڵ دەبێت، بە پلەی سەرەکی، دواتر ناوچەکانی تر بە کاریگەری کەمتر و جیاواز".
ئەو شارەزایە وتی، "بەهۆی کاریگەری ئەم تۆپەڵە هەوایه تاڕادەیەک پلەکانی گەرما بەڕێژەی 6 تا 10 بەرزدەبنەوە بۆ ئەم ماوەیە، لە کۆتایی هەفتە و بۆ چەند رۆژێک پلەکانی گەرما دەچنەوە سەرووی نۆڕماڵ لەگەڵ هاتنی ئەم تۆپەڵە هەوایه تاڕادەیەک گەرمە هەوری بەرزی بێ باران لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکان دروست دەبنەوە".
وتیشی، "دواتر بەهۆی حاڵەتێکی ناجێگیری کەش جۆری هەورەکان دەگۆرێت بۆ هەوری نزم و باراناوی بە تایبەت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگە و رۆژانی جەژن بەوهۆیەوە بەپێی دوایین گۆڕنکارییەکان ئەگەری هاتنی شەپۆلی دابارین هەیە بۆ رۆژانی جەژن دوای ئەم حاڵەتەی جەژنیش حاڵەتی تری نزیکی دابارینی تر لە ئارادایه لەنێوان سەرەتای هەفتەی یەکەمی مانگی چواریشدا".
AM:09:42:25/03/2025
ئهم بابهته 2396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت