پێشنیاری کەمکردنەوەی کاتی رۆژوو مشتومڕ لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لیژنەی فەتوا چی دەڵێت؟
وێستگەنیوز-
بڕیاری جێنشینی سعودیە بۆ کەمکردنەوەی کاتی رۆژوو لەو وڵاتە مشتوومڕ لە هەرێم بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر چی لیژنەی فەتوا بڕیارەکە بە پێچەوانەی "ئەحکامی ئیسلامی" ناو دەبات و دەڵێت، "دەستی سیاسی لە پشت ورووژاندنی ئەم بابەتانەوەیە و وەک هەرێم هەموو دنیا لەگەڵیدا بێت ئێمە ناتوانین یاسای رۆژوو بگۆڕین".
د. محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، "ئەمە بابەتێکە ناکرێت بە بڕیارێکی سیاسی بگۆڕێت، ئیشی خەڵکی سیاسی و دەسەڵات و حکومەت نییە، ئیشی زانایانی ئاینییە، بڕیارەکە پێچەوانەی دەقی قورئانی پیرۆزە، شتی واناکرێت و ناتوانن بیکەن، هەموو دەوڵەتانی دونیا پشتگیری بکەن ئێمە ناتوانین رەئی وا بگۆڕین و کەس حەدی ئەوەشی نییە بیگۆڕێت".
سەرۆکی لیژنەی فەتوا پێشی وایە، ئەو بابەتانەی دەقی لەسەرە مەجالی گۆڕانکاری تێدا نییە و وروژاندنی بابەتەکەش لەم رەمەزانەدا دەستی سیاسی لە پشتە و دەڵێت، "کۆمەڵێک خەڵک بە سیاسەت ئەم بابەتانە دەکەنە ڕۆژەف و باس بۆ لەبیرکردنی بابەتی تر و دروستکردنی کێشەی فکریە لە ناو کۆمەڵگادا، ئێستا ڕەمەزان نە لە گەرمایایە نە لە جەوێکی ناخۆشدایە، لە تەموزیش بێت بە هەر حاڵ".
بە گوێرەی بەشێک لە میدیا عەرەبیەکان کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، محەمەد بن سەلمان، جێنشینی عەرەبستانی سعودیە بڕیایداوە لە ساڵی ئایندەوە ماوەی رۆژوگرتنی موسڵمانان چەند کاتژمێرێک کەم بکاتەوە و لەجیاتی بانگی مەغریب رۆژوو شکاندن (الافطار)لەگەڵ بانگی عەسردا بێت.
لە بارەی بڕیارەکەی جێنشینی سعودیەوە، شێخ عەبدولڕەحمان سدیس ئیمام و خەتیبی حەرەمی کەعبەش دەڵێت، "ئەم بڕیارە دروستە و پێچەوانەی شەرع نییە".
هاوکات هەریەک لە وڵاتانی ئوردن و مەغریب و تونسیش بڕیارەکە بە گونجاو دەزانن و دەڵێن، پابەندی بڕیارەکەی سعودیە دەبن.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پێشووی ئەوقافی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە هەر بڕیارێک لە سعودیەوە دەربچێت دەبێت هەرێمیش پێوەی پابەند بێت، کورد مافی ئەوەی هەیە بڵێ ئاینداری بەشێواز و مۆرکی کوردانە بکات، بەڵام کاتێک لە سعودیە بڕیارێک دەردەچیت دەبێت هەرێمیش پێوەی پەیوەست بێت، بۆ نموونە تا سعودیە نەڵێت رەمەزانە یان جەژنە ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین، مەرجەعی بڕیاری ئیسلامی سعودیەیە و قیبلە و حەجی موسوڵمانان سعودیەیە، مەنتق نییە لێرە قەرارێک بدرێت بڵیی سعودیە دەبێت پێوەی پەیوەست بێت".
هەروەها دەشڵێت،" فەرزەکانی ئیسلام هەمووکەس بۆی هەیە قسەی لەسەر بکا، نەسێکی سریح هەیە کە ئەبیەز و ئەسوەد جیاکرایەوە لە یەک ڕۆژوو دەست پێدەکات، دەبێ لەو کاتەوە دەست هەڵبگری لە خواردن تا ڕۆژ دەبێتەوە، لە هەر وڵاتێک بە جۆرێکە واتە کاتەکان جیاوازە، ئەمە وای کردووە تەفسییری جیاوازی بۆ بکرێت و مافی خۆشیانە، قسەکردن لەسەر کاتی رۆژوو رای جیاوازی لەسەرە، بابەتەکە ئەوەندە قورس نییە، کە خەڵکی لەسەر تەکفیر بکرێت".
مەریوان نەقشبەندی دەڵێت، "دەستی سیاسی لە پشت نییە، پێم وایە ئەم بابەتانە مادام مەسی سەوابتی قورئان ناکا واتە مەجالی ڕای جیاوازی لەسەرە، بەڵام دەنگێکی توندڕەو هەیە لە کوردستان هیچی پێ قبوڵ نییە و خۆی پێ لەوانە مسوڵمانترە کە لە مەککە و مەدینەوە سەریان هەڵداوە، قبوڵکردنی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتن و ئاستی رۆشنبیری خەڵك، هیچ بەرژەوەندییەکم نییە لە ورووژاندنی بابەتێکی وا."
PM:09:38:14/03/2025
ئهم بابهته 3896
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت