روونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە لەبارەی کوژرانی بەرپرسێکی داعش
وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەڵامی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەداتەوە لەبارەی کوژرانی بەرپرسێکی داعش.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سوریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم کردارەش دەرخەری رژدی ئێمەیە لە رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا، بەڵام بەداخەوە لە راگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە، ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ".
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق".
PM:07:32:14/03/2025
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت