بەرپرسێكی وه‌زاره‌تی كاری هەرێم: پرۆژەی پێدانی قه‌رزی بچوك ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە له‌ وه‌زاره‌تی کار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، قۆناغی دووەمی پرۆژەی گەشانەوە بەم نزیکانە دەستپێدەکات و لەم قۆناغەدا پارە بۆ 100 پرۆژە تەرخاندەکرێت.


ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرۆژەی گەشانەوە کە بریتیە لە پێدانی قەرزی بچوک یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی سه‌رۆكی حکومەت لە کابینەی نۆیەمدا، بە ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە خاوەن پرۆژەن و ده‌یانه‌وێت بیرۆكه‌ بازرگانه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە قۆناغی دووه‌می پرۆژەی گەشانەوەدا هاوڵاتییان و لاوان سوودمەند دەبن بۆ خستنه‌گه‌ڕی پڕۆژه‌كانیان و دەتوانن بڕی ملیۆنێک تا 150 ملیۆن دینار قەرز لە حکومەت وه‌ربگرن بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکانیان".

ئەوەشی خستەڕوو، "ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێم وه‌رگیراوه‌ و لە قۆناغی دووەمدا پارە بۆ جێبەجێکردنی 100 پرۆژە تەرخان دەکرێت".

باسی لەوەشکردووە، "جگه‌ له‌وه‌ ئەو پارەیەی کە بە خاوەن پڕۆژەکانیش دەدرێت بە قەرزه‌ و بە بێ زیادە خستنە سەر به‌ قۆناغبه‌ندی لێیان وەردەگیرێتەوە".


PM:06:05:14/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت