دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەکات


وێستگەنیوز-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەبڕیاری دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی بۆ دیاریکردنی دادگای تایبەتمەند بە بینینی سکاڵا و کەیسەکانی رۆژنامەنوسان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان هاتووە، "دوای ئەوەی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی دوو بڕیاری دەرکرد کە تایبەت بوون بە دیاریکردنی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی /1 تایبەتمەند دەبێت بەبینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنوسان لەناو سلێمانی و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان و حەواڵەکردنی سەرجەم داواکانی لەسەرەوە ئاماژەی پێکراوە بۆ دادگای کەتنی سلێمانی /6 دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، ئێمە لای خۆمانەوە پێشوازی لەو دوو بڕیارە گرنگە دەکەین بەئاڕاستەی جێ بەجێکردنی یاسای تایبەت بە رۆژنامەنوسان و یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و داواکاریەکان لەدادگای تایبەتمەند".

ئاماژە بەوەکراوە، "پێمان وایە بەجێ بەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕەوشی رۆژنامەنوسان هەنگاوێک بەرەو پێش دەڕواو بەشێک لەو کێشانە کەم دەبێتەوە کە هەمیشە رووبەڕووی رۆژنامەنوسان دەبوەیەوە لەکاتی دادگایی کردنیان یان تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە دەمێکە ئەوەمان خستووەتەڕوو کە دەتوانرا لەڕێگەی دادگای تایبەتمەند کەیسەکان یەکلا بکرێنەوەو بەهیواین ئەو ئەزمونە دادگاکانی تری هەرێمی کوردستانیش پەیڕەوی بکەن کە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەئاستی دەرەوە".


PM:05:38:13/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت