رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور دەکرێت
وێستگەنیوز-
قایمقامییەتی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور رێکاری نوێ دەگرێتەبەر، هەروەها بۆ پرکردنەوەی پێداویستی بازار و خواستی هاوڵاتییان لە پارێزگای سلێمانی پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ دەبەسترێت، جگە لەوەش هاوردەکردنی سەوزەو میوەش بەپێی خواست و پێویستی بازار کراوە دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئاداری 2025، قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە قایمقامییەتی سلێمانی کۆبووەوە".
لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پرکردنەوەی پێداویستی بازاردا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەکی بەرز بەرهەم دەهێنرێت".
قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بریارو رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لە مانگی سێ دا کراوە دەبێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوک لە ناوخۆدا ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عیراق، لەبەرئەوەی لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی سوور زیادیکردووە ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاردا".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا کە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزەو میوە بە پێی پێویست کراوە بێت بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت.
قایمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەکردن و ساغکردنەوەی فاسۆلیای تەر کرد، کە لە ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشیەک تێیدا هاوردەکردنی راگیراوە، هەر بۆیە لیژنەهاوبەشەکانی راسپارد لە هەر شوێنێکی میوە فرۆشیدا بینرا دەسبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.
PM:04:54:13/03/2025
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت