ڕۆنووس: گرنگە چی تر رۆژنامەنووس بە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت
وێستگەنیوز_
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەربڕی کە تێیدا دادگایەک تایبەتمەند کراوە بە رۆژنامەنووسان.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) دەڵێت، "ئەمڕۆ 13ـی ئازاری 2025، بەڕێز دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کەیس و دۆسییەیەکی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسان بەگوێرەی یاسای کاری ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007، بڕیاری پێکهێنانی دادگایەکی تایبەتی دەرکرد."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ "ڕۆنووس"، ئەم بڕیارە بە بڕیارێکی دروست دەزانین و باوەڕمان لە مامەڵەی دروست لەگەڵیدا، دەتوانێت خزمەتێکی باش بە کاری ڕۆژنامەنووسی ئازاد و جیاکردنەوەی دۆسیەی کاری ڕۆژنامەنووسی پیشەییانە لەگەڵ هەر کارێکی دیکەدا، بکات. بۆیە پێشوازی لێدەکەین و وەک بڕیارێکی گرنگ سەیری دەکەین."
"گرنگە ئەم دادگا تایبەتە بتوانێت لەمەودوا کۆتایی بەو دۆسیانە بهێنێت، کە ڕۆژنامەنووسان بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی تۆمەتبار دەکات و بە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و سزایان بەسەردا دەسەپێنێت." ڕۆنووس وادەڵێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە پرەنسیپ و کارە گرنگەکانی ئێمە لە ڕۆنووس، ئەوەبوو دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، دادگایەکی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان پێکبهێنێت، بۆیە پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و پشتیوانی سەرخستنی دەبین."
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، وەک چۆن پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و ئامادەیی پشتیوانی بۆ دەردەبڕێت، هەمانکات وەک "چاودێڕێک بەسەر کارەکانی دادگاکە لە مامەڵەی لەگەڵ دۆسییەکانی ڕۆژنامەنووساندا دەمێنێتەوە و چاودێری ئەو ئەرکە پیشەییانە دەکات، کە بەگوێرەی بڕیارەکە خراوەتە ئەستۆی، بۆیە داواکارین بڕیارەکە وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنها لە ئاستی بڕیارێکدا نەمێنێتەوە."
PM:03:02:13/03/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت