سەنتەری میترۆ پشتیوانی لە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوە دەكات


وێستگەنیوز_

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، پشتیوانی لە دوو بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەكات و داواش دەكات لە هەموو دادگاكانی تری هەرێمی كوردستان دەکات، پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری.

ئەمڕۆ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، عومەر ئەحمەد محمەد دوو بڕیاری وەك پشتیوانی بۆ كاراكردنی یاسای ڕۆژنامەنووسی دەركرد.

یەكەم: دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی و یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت.

دووەم: سەرجەم داواكانی سەرەوە لە دوای كۆتایی هاتنی قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە، حەواڵەی دادگای كەتنی سلێمانی/6 دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەیان.

میترۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، پاش كۆبونەوەیەكی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چەند دەزگایەكی میدیایی و سەندیكا و سەنتەری میترۆ دێت، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرەتای ئەم مانگە رێكیخستبوو.

"یەك لەو داواكاریانە كە خرانەڕوو، سكاڵای پەیوەندیدار بە رۆژنامەنووسان و بڵاوكردنەوە, بچێتە بەردەستی دادوەرێكی پسپۆر لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، لەلایەن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پیشتیوانی لێكرا." بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی میترۆ.

دەشڵێت، "كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرباری یاساكە جارێ هێشتا كار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای تر لە دادگاكانی هەرێم لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت."

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە "پێشوازی لە دوو بڕیارەكەی سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەكات، داواش دەكات لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پەنا بۆ ئەو رێوشوێنانە ببرێت كە دەبنە فاكتەری جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری و سەروەربوونی یاسا."


PM:12:44:13/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت