قوباد تاڵه‌بانی و كونسوڵی گشتیی چین چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولایان تاووتوێ كرد
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له میانی پێشوازیكردن له كونسوڵی گشتیی چین، رایگه‌یاند كه ئامانجیانه به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ هه‌موو شار و ناوچه‌كانی كوردستان له بواره‌جیاوازه‌كاندا گه‌شه بكات، داواشیكرد وڵاتی چین كه خاوه‌نی ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه له‌مباره‌یه‌وه هاوكاری هه‌رێم بكات.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازیكرد له لیۆ جیون، كونسوڵی گشتیی چین له هه‌رێمی كوردستان و له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا چۆنییه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه (12/3/2025)، له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، باسی دۆخی سوریا و رێككه‌وتنی ئه‌م دوایه‌ی نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكراتیك و حكومه‌تی كاتیی سوریا كرا. له‌مباره‌یه‌وه قوباد تاڵه‌بانی، رێككه‌وتنه‌كه‌ی به هه‌نگاوێكی گرنگ دانا به ئاراسته‌ی سه‌قامگیری و دابینكردنی مافه‌كانی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی سوریا.
قوباد تاڵه‌بانی هیوای خواست ئه‌م رێككه‌وتنه ببێته ده‌ستپێكێك بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی سوریا بتوانن له رێگه‌ی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنه‌وه كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قسه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان و به تایبه‌تیش گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌یی له هه‌رێمی كوردستان كرا. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران روونیكرده‌وه كه ئامانجیانه به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ هه‌موو شار و ناوچه‌كانی كوردستان له بواره‌جیاوازه‌كاندا گه‌شه بكات و داواشیكرد وڵاتی چین كه خاوه‌نی ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه له‌مباره‌یه‌وه هاوكاری هه‌رێم بكات.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كونسوڵی گشتیی چین ئاماژه‌یدا به په‌ره‌پێدانی تواناكان له هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند زیاتر له 500 هاوڵاتی هه‌رێم سودمه‌ند بوون له به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی تواناكان و له داهاتووشدا خوله‌كانی راهێنان بۆ په‌ره‌پێدانی تواناكان به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌مباره‌یه‌وه قوباد تاڵه‌بانی سوپاسی حكومه‌تی چین و كونسوڵی گشتیی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و رایگه‌یاند به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی تواناكان كاریگه‌ری باشی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌هێزتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و وڵاتی چین.
له ته‌وه‌رێكی دیكه گفتوگۆكرا له‌باره‌ی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی باشتری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كاری هاوبه‌ش و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زمونی چین بۆ كوردستان به پێویست زانرا.
PM:05:37:12/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 288
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت