بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی: هیچ گرفتێک لە نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بۆ پێکهێنانی حکومەت


وێستگەنیوز_

عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاند، "هیچ گرفتێک لە نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و پێمان وایە لەو نزیکانە حکومەت پێکدێت."

عەلی حوسێن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هیچ شتێک نەماوە کە گرفت بێت و هەموو بابەتە گرنگەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قۆناغەی ئێستای کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت قۆناغێکی گرنگە و بەرپرسیارییەتی هەموو لایەکە کە قۆناغەکە تێپەڕێنێت.

ئاشکراشی کرد، هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت باش رۆشتوون، پێمان وایە نزیکبوونەوەی باش هەیە و گرفتی کەم هەیە، شاندی هەردوولا بە ئەرێنی باسی دەکەن و بەم نزیکانە حکومەت پێکدەهێندرێت.

رۆژی یەکشەممە 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو کە تێیدا دوو ملیۆن و 899 هەزار و 615 دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبوو. 

لە ئەنجامدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 39 کورسی بووە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و لە دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت کە توانی 23 کورسی بەدەستبهێنێت.

لەو کاتەوە کۆبوونەوە و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، ئەمەش بەو پێیەی بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب بە شێوازێکی ئەرێنی و گەشبینانە باس لە گەیشتن بە رێککەوتنی نێوانیان دەکەن.


PM:03:29:12/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت