پێشەوا هەورامانی: هەموو هەوڵێک دەدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی 3 دابەش بکرێت
وێستگەنیوز_
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار دابەش بکەن.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 3ـی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران، "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد، وەزارەتەکانیان بەپەلە لیستی مووچەی مانگی ئادار (سێ) ئامادە بکەن و بۆ بەغدای بنێرن."
هەروەها "لە ڕۆژانی پشووشدا دەوام بکەن بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت پێش جەژن مووچەی ئەو مانگەش دابەش بکرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 3ـی 2025، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی 2ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سبەینێ پێنجشەممە، 13ـی مانگ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
PM:12:53:12/03/2025
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت