وەزارەتی دارایی: سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت


وێستگەنیوز_

تەموویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی 3ـی 2025، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوبات (دوو) فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، سبەی پێنجشەممە، 13ـی 3ـی 2025، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کردووە، هەمان ئەو بڕە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی ئەو مانگە داواکرابوو و بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، هەموو هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی 3 ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.                                        

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان:

تەموویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.                                               

ڕۆژی چوارشەممە ( 15 ی ئازاری 2025) دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی (957،925،880،078) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ئەوەش ئەو بڕە تەموویلە بوو کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مووچەی مانگی شوبات داواکرابوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکات کە بەدرێژایی ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هاوکار و هەماهەنگ بوون و وەک یەک تیم کاریان کردووە بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی مووچە و ناردنی تەموویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.                                                                                            

شایەنی باسە بەپێی گشتاندن و ڕێنمایی لەدوای (10) ی هەموو مانگێک ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا.                                                                   

سبەی پێنج شەممە (13ی ئازاری 2025) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.                             

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.      
 


PM:12:42:12/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت