فەرەنسا بۆ مەزڵووم عەبدی: وەک پاڵپشتیکاری کورد دەمێنینەوە و پێشوازی لە رێککەوتنتان لەگەڵ دیمەشق دەکەین
وێستگەنیوز_
پاش رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق دەکەن و لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزە بەردەوام دەبن.
درەنگانی شەوی سێشەممە 11ـی ئاداری 2023، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە رایگەیاند، "پێشوازیم لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق کرد کە پێویستە گەرەنتیی مافەکان، ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان و بەردەوامیی شەڕ دژی داعش بکات".
جەختیشدەکاتەوە لەوەی، "وەک پاڵپشتیکاری کوردەکان دەمێنینەوە."
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە سیاسییە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان بەشداریمان تێدا کرد، هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستانەوە، کە یەکگرتوویی سووریا، بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و زامنکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی لەخۆدەگرێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ لەنێوان حکومەتی کاتیی سووریا و هاوبەشە کوردەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبێت، هەروەک چۆن لە سەرەتای قۆناخی گواستنەوەوە هەوڵی بۆ داوە."
جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەیان پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتییانە لە سووریا دووپات دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، سەقامگیر و خاوەن سەروەری.
AM:10:48:12/03/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت