ئۆکرانیا ئامادەیی دەربڕی بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەست لەگەڵ رووسیا رابگەیەنێت


وێستگەنیوز_

گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئۆکرانیا لە شاری جددەی سعوودییە، بە مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست کۆتایی هات. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکرانیا ئامادەیە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەست لەگەڵ رووسیا رابگەیەنێت." 
 
ئەمرۆ سێشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکرانیا جەخت لە وەستاندنی تەقە و دەست بە گفتوگۆکردن دەکاتەوە." 

ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن رووسیا "بەڵێ" بۆ ئاگربەستەکە بکات. ئەگەر نەیکات "ئەو کات دەزانین کێ کۆسپی بەردەم ئاگربەستەکەیە."
 
مارکۆ روبیۆ رایگەیاند، لەبارەی کاتی ئاگربەستەکەوە، "هیوادارین بە زووترین کات ئەنجام بدرێت."

دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریکا و ئۆکرانیا، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، وتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و ئەرێنی بوو.

بە پێی زانیارییەکان، کیێڤ هیوادارە پاڵپشتی کۆشکی سپی بە دەست بهێنێتەوە، ئەمەش دوای دروستبوونی ناکۆکی و گرژی لە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی.

شاندەکەی ئەمریکا کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، پێکهاتبوون لە؛ مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. هەروەها شاندەکەی ئۆکرانیا پێکهاتبوون لە؛ ئەندری سیپیا، وەزیری دەرەوە، ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ڕوستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا.


PM:09:59:11/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت