هۆشیار زێباری‌: مانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسه‌ر له‌ چوارچێوەی دانوستان و كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایە


وێستگه‌نیوز-
هۆشیار زێباری‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێیوایه‌ كه‌ دوای‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ نێوان مه‌زڵوم عه‌بدی‌ و ئه‌حمه‌د شه‌رع، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌شڵێت: "مانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسه‌ر له‌ چوارچێوەی دانوستان و كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایە".


هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پلاتفۆرمی‌ (ئێكس) نووسیویه‌تی‌: "رێككه‌وتنی مێژوویی ئه‌مڕۆی‌ نێوان ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆك كۆماری قۆناغی‌ راگوزه‌ری‌ سوریا و مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هێزی سوریای‌ دیموكرات له‌ دیمه‌شق، هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ داڕشتنی ئاینده‌ی سوریا".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ پێیوایه‌ كه‌ "هه‌سه‌ده‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ هێزی‌ به‌رگری‌ سوریا".

ده‌شڵێت: "هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری‌ مانەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسه‌ر له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ چوارچێوەی دانوستان و كاری لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایە".

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ی‌ ئاداری‌ 2025 مەزڵوم عەبدی فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" و ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی‌ سوریا له‌ قۆناغی راگوزه‌ردا له‌ دیمه‌شق رێككه‌وتنێكیان واژۆ كرد كه‌ له‌ 8 خاڵ‌ پێكدێت.

دیارترین خاڵی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع دانی‌ ناوه‌ به‌وه‌ی‌ كورد پێكهاته‌یه‌كی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوریایه‌ و مافی‌ هاوڵاتیبوون و سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستووریه‌كانیان ده‌پارێزێت.

هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ شه‌ڕ له‌ ته‌واوی‌ سوریا راده‌گیرێت و هه‌موو دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازییه‌كانی‌ باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا له‌گه‌ڵ‌ ئیداره‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سوریا یه‌كده‌خرێن به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و كێڵگه‌كانی‌ نه‌وت و غازیشه‌وه‌.




PM:11:49:10/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو