لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ ئەمریکا: ڕاگرتنی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە تۆڕی کارەبای عێراق دادەڕمێنێت


وێستگەنیوز_

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نامەیەکی ئاراستەی حکومەتی ئەمریکا کرد و دەڵێت: ڕاگرتنی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی تۆڕی کارەبای عێراق لە هاوینی داهاتوو.

ئەمرۆ یەکشەممە 9ـی 3ـی 2025، عەتوان عەتوانی و دانیال ڕوبینشتاین باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە، لە دیدارەکەدا ئەو پەرلەمانتارە جەختی لە پێویستی پەیوەندیی بەردەوام کردەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پاش کۆبوونەوەکە، لەو دیدارە، تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی دۆسیەی سزاکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەرتی کارەبا، بەتایبەتی تەواوبوونی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ عێراق لە هاوردەکردنی غازی ئێران.

عەتوان عەتوانی، جەختی کردووەتەوە لەوەی، "وەستاندنی هاوردەکردنی غاز لێکەوتەی خراپی بۆ گەلی عێراق دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، چونکە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی کارەبای نیشتمانی، بەهۆی نەبوونی هیچ شوێنگرەوەیەک لە ئێستادا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی عێراق جدییە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە کە پەیوەندییان بە وەبەرهێنان لە غازدا هەیە، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و گەیشتن بە خۆبژێوی، بەڵام ئەو پڕۆژانە لە ساڵانی داهاتوودا دەچنە خزمەتی هاوڵاتیانەوە."

عەتوان عەتوانی، داواشی لە ئیدارەی ئەمریکا کرد پێداچوونەوە بە سەپاندنی بە سیاسەتی فشارەکانی وەزارەتی گەنجینەی بکات لەسەر کەرتی دارایی و بانکی لە عێراق.

لای خۆشیەوە باڵیۆزی ئەمریکا "تێگەیشتنی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو شتانەی کە عەتوان عەتوانی لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە دۆسیەی سزاکانی وزە و بانکی باسی لێوە کردبوو، بەڵێنیدا ئەو پەیامانە بگەیەنێتە حکومەتی وڵاتەکەی". ئەوەشی خستەڕوو کە، "هاوردەکردنی غازی سروشتی، تا ئێستا لە دەرەوەی سیستەمی سزاکاندایە."


PM:03:55:09/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت