باخچەلی: پەکەکە ناچارە پابەندی بانگەوازە مێژووییەکەی ئیمراڵی بێت ئەگینا باجێکی قورس دەدات


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 27ـی 2ـی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، "ئۆجەلان داوا دەکات پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، ئەمرۆ یەکشەممە 9ـی 3ـی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "پێویستە پەکەکە و دەست و پێوەندەکانی بە زووترین کات و بەبێ مەرج، خۆیان لە چەک دابماڵن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن."

دەوڵەت باخچەلی، لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت: "سەردەمی توندوتیژیی و چەکداری کۆتایی هاتووە، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر ئەوەیە، کە مێژوو و جوگرافیاکەی بە ئاشتی بنوسێتەوە و بە گیانێکی ئاشتی و برایەتی بینەخشێنێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە یەکڕیزی و بە هەنگاوی دڵسۆزانە و ڕاستەقینە، تورکیا لە پێشینەی 41 ساڵەی تیرۆر، پاک دەکرێتەوە."

هەروەها سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت، "بانگەوازەکە پەکەکە و هەموو دەست و پێوەندەکانی دەگرێتەوە، ئەوە داوای خودی سەرکردەی ڕێکخراوەکەیە و پێویستە بە یەپەگەشەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن."

سەرۆکی گشتیی مەهەپە جەخت دەکاتەوە، "پێویستە پەکەکە و دەست و پێوەندەکانی بە زووترین کات چەکەکانیان دابنێن و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن؛ جگە لەمە هیچ بژاردەیەکی دیکە بە ڕەوا نازانرێت، هەربۆیە پەکەکە و ڕێکخراوەکانی ناچارن پابەندی بانگەوازە مێژووییەکەی ئیمرالی بن، بەپێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک بە نایاسایی چەک هەڵگرێت، دەبێت قورسترین باج بدات."


PM:02:25:09/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت