ئازاد تۆفیق: تا کەسێکی دیکە دەکرێتە پارێزگاری هەڵەبجە لە ئەرکەکەم بەردەوام دەبم


وێستگەنیوز-

پارێزگاری هەڵەبجە دوای خانەنشینبوونی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، بڕیاربوو کەسێک لە جێگەی دابنێرێت، بەڵام بەهۆی یەکلانەبوونەوەی پۆستەکە بۆ کەسێکی دیکە، پارێزگارەکە گەڕاوەتەوە پۆستەکەی و بەردەوامە لە ئەرکەکەی.


ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی ئاداری 2025، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە میدیای نزیک لە پارتی راگەیاندووە، "لە ئەرکەکەم دەمێنمەوە و کاروباری هاوڵاتییان بەڕێوەدەبەم تاوەکو کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنەکەم، هەرکات کەسێک دیاریکرا منیش ماڵئاوایی دەکەم".

لە 26- کانونی دووەمی 2025، ئازاد تۆفیق و شاهین رەزای جێگری خانەنشین بوون، هەروەها کاوە عەلی، جێگرێکی دیکەی پارێزگاری هەڵەبجە بوو، بەهۆی بوونی بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی رابردوودا، دەستبەرداری پۆستەکەی بوو.

لەنێو ئەو کەسانەی ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەهێندرا، نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە هەبوون.


AM:11:09:09/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت