وتەبێژی دەم پارتی: بۆ بەرقەراربوونی دادپەروەریی، دەبێت پەرلەمانی تورکیا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات
وێستگەنیوز-
وتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، "دەبێت بە خێرایی بانگەوازەكەی ئۆجالان وەڵام بدرێتەوە"، ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت پەرلەمانی تورکیا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئاداری 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی سەبارەت بە كارنامەی كۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای ڕاگەیاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەكەكە"، سەرجەم ئۆرگانەكانی حزب چوونەتە دۆخی كۆبوونەوە و تائێستاش كۆبوونەوەكان بەردەوامن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بانگەوازەكەی ئۆجالان لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە و ئێمە بەردەوام پشتیوانی لێدەکەین".
ئایشەگوڵ دۆغان وتی، "پێم خۆشە بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتییەوە ئەمەتان لەگەڵدا بەش بكەم، ئێمە وەك حزبێك لێرەدا چەندین جار گوتوومانە كە ئامادەین هەرچی پێویست بێت بۆ جێبەجێكردنی بەپەلەی 'بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك' بیكەین".
وتیشی، "ئێمە شەرم لە دەستپێشخەری ناكەین، ئێمە خۆشحاڵین بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و ئەرك و دەستپێشخەری بۆ جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی ئەم بانگەوازە و كاركردن لەسەر پرۆسەی داهاتوومان".
وتەبێژی دەم پارتی ئەوەشی جستەڕوو، "بۆ بەرقەراربوونی دادپەروەریی، دەبێت پەرلەمانی تورکیا ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و یاساکان هەموار بکرێتەوە".
PM:07:37:03/03/2025
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت