تەنها لە مانگی رابردوودا 54 چالاكی نارەزایەتی بە شێوازی مەدەنییانە بەرێوەچوون


وێستگەنیوز_

تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایدەگەیەنێت، "لە مانگی شوباتی 2025، لە چوار پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، 54 چالاكی نارەزایەتی مەدەنی ئاشتیخواز، بەرێوەچوون كە زۆرینەی داخوازییەكان بۆ مووچە و دامەزراندن بوون، 2 چالاكیان بە زەبری هێز مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە."

لە راگەیەندراوەکەیەکدا تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێت، بە بەراورد لەگەڵ چالاكی نارەزایەتیەكانی مانگی رابردوو كانوونی دووەم، كە 48 چالاكی بوون، بە رێژەی 13% زیادی كردووە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین چالاكی و نارەزایەتی بۆ مووچە بوون كە 41%ی كۆی داخوازییەكان بوون و 17% بۆ دامەزراندن و 9%ی داخوازییەكان بۆ خزمەتگوزاری بوون.

بە پێی بەدواچوونی تۆڕی هاوپەیمانی 19، 61%ی چالاكییەكان لە پارێزگای سلێمانی، 31% لە پارێزگای هەولێر، 6%ی لە پارێزگای دهۆك، 2%ی لە پارێزگای هەڵەبجە بوون. 

مانگی شوباتی رابردوو گەورەترین مانگرتنی مامۆستا و فەرمانبەران لەشاری سلێمانی رێكخرا، كە لە 28ـی كانوونی دووەم هەتا 11ـی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، پاشان لەسەر داخوازی چین و توێژەكان، لە رێپێوانێكی جەماوەری گەورەدا كۆتاییان بە مانگرتن لە خواردن هێنا.

بە درێژایی دوو هەفتەی ئەو چالاكییە هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی مەدەنی شاری سلێمانی، ئەركی پاراستن و چاودێری رەوشی تەندروستی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتیان لە ئەستۆ گرتبوو.

ڕۆژی یەكشەممە 9ـی شوباتی 2025، بەشێك لە مانگرتووانی ژێر خێوەتەكە و  ژمارەیەكی تر لە چین توێژەكانی سلێمانی و شارەكانی تر، بە ئامانجی گردبوونەوە لە بەردەم ئۆقیسی یونامی لە پایتەخت بە ئۆتۆمبێل بەرەو هەولێر بەرێكەوتن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە هێزێكی ئەمنی رێگری لێكردن بچنە ناو شاری هەولێر، بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان كرد و وەزارەتی ناوخۆش چالاكییەكەی بە "دەستی دەرەكی و لایەنی پاشكۆ" تۆمەتبار كرد.

هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان گازی فرمێسك رێژ و فیشەكی پلاستیكیان بەكارهێنا، لە ئەنجامدا كۆمەڵێك بەشداربووی چالاكییە تووشی تەنگە نەفەسی، بەشێكیان بە هۆی پاڵنان و راوەدونانیان بریندار بوون هەر وەك توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسانیش بەكار هات و كەرەستەی رۆژنامەنوسی بەشێكیان زەوتكرا. 

هەەروەها رۆژی یەكشەممە، 23ی شوبات، كۆمەڵێك مامۆستاو فەرمانبەر خۆپیشاندانێكیان لەسەر شەقامی سەرەكی عەربەت – هەڵەبجە، عەربەت - پێنجوێن رێكخست و لەسەر شەقامەكە پەناگیریان راگەیاند و خێوەتیان هەڵدا.

ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە بە تایبەت شەقامەكەیان بە رووی هاتووچۆی ئەو تەنكەرانە داخست كە سوتەمەنی دەگوازنەوە.

ئێوارەی دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، هێزێكی زۆری ئاسایش روویانكردە عەربەت، پاش بردنی هێزەكە هێرش كرایە سەر خێوەتەكەیان، بەشداربووانی پەناگیرییەكە بەشێكیان مانگرتووانی خێوەتەكەی سلێمانی بوون، ئەوان "هێزەكانی ئاسایش"یان تۆمەتباركرد، بە دەزگاكانی راگەیاندنیان ووت "هێزێك  بە جلی مەدەنییەوە هاتوونەتە ناو خێمەكەوە و دواتر هێزێكی زۆری ئاسایش گەمارۆی خێمەكەی داوە و پاشان هێرشیان كردووەتە سەر خێمەی مامۆستایان".

ئەمە بووە هۆی بڵاوەپێكردنی مانگرتووان بەزەبری هێز، كە بە هۆیەوە مامۆستایەك برینداربوو، چەنەند بەشداربوویەكی مانگرتنەكە و چەند رۆژنامەنووسێك بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركران، پاشان ئازاد كران، هاوكات بە بێ هیچ هۆكارێك دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەشێك لە مامۆستایانی بەشداربووی پەناگیرییەكە، دواتر رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە.

بە پێی ستانداردی نێودەوڵەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشانداندا، كاتێك هێزە ئەمنییەكان دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان دەكەن،  كە مەترسییەكی ڕەوا لەسەر سەلامەتی و مافی كەسانی دیكە هەبێت. ئەگەر هێزی ئەمنی هەوڵی ڕاگرتنی یان سنوورداركردنی خۆپیشاندانێك بدات، دەبێت ئەم دەستێوەردانە ڕێژەیی و پێویست بێت، یان بە واتایەكی تر، دەبێت سوودەكەی لە زیانەكانی زیاتر بێت، كەمترین سنوورداركردنی مافەكانی تێدابێت.

هاوپەیمانی 19 بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستن و چاودێریكردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عێراق بەردەوام دەبێت، جەخت دەكاتەوە لە دەستەبەركردنی ڕێزگرتن لەو مافە وەك لە مادەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە.

لەبارەی تۆڕی 19 بۆ چاودێری ئازادی:

تۆڕێكە ئەركی چادێریكردنی مافی مرۆڤە، لە كۆمەڵێك داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و رێكخراوی مەدەنی پێكدێت، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات. 

ناوەكەی لە بەندی 19 لە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرڤەوە وەرگرتوە، وەك بەندێكی سەربەخۆ گوزراشت لە لە مافی ئازادی رادەربڕین دەكات كە تیایدا هاتووە: "هەموو كەسێك مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، مافەكەش بریتییە لە هەڵگرتنی بیروڕای خۆی بەبێ دەستوەردان، و گەڕان یان وەرگرتنی زانیاری و بیرۆكە و گواستنەوەیان، لە ڕێگەی میدیاوە، بەبێ گوێدانە هەر ئاستەنگێك."


AM:10:28:03/03/2025






ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو