فراكسیۆنی یه‌كگرتوو: ده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وامن له بێ ڕۆڵكردنی داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانی كوردستان
وێستگه‌نیوز-
فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت ئۆباڵی له‌ده‌ستدانی وه‌رزێكی یاسادانان ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه به‌رپرسن له پێكهێنانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان به‌كراوه‌یی هێشته‌وه.
فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی له په‌رله‌مانی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه كه "به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م وه‌رزی یاسادانانه‌یان كرده قوربانی میزاجی خۆیان و به‌رده‌وامن له بێ ڕۆڵ كردنی دام‌و ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی كوردستان، خه‌تایه‌كی گه‌وره بوو ئه‌و هێزانه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تیان له ئه‌ستۆیه، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كردووه‌ته یه‌ك پاكێج؛ ئێمه ئۆباڵی له‌ده‌ستدانی وه‌رزێكی یاسادانان ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه به‌رپرسن له پێكهێنانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان به‌كراوه‌یی هێشته‌وه".
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی فراكسۆنی یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانی كوردستان :-
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
ئێمه له فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به‌نیگه‌رانی زۆره‌وه ده‌ڕوانینه ئه‌و دواخستنه‌ی پێكهێنانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی لیژنه‌كانی، كه وه‌رزی یاسادانان له‌سه‌ره‌تای مانگی سێ وه ده‌ست پێده‌كات و په‌رله‌مان له 2-12-2024 یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی گرێداوه و ده‌بوو ده‌سته‌كه‌ش له‌هه‌مان ڕۆژدا هه‌ڵبژێررایه.
ئێمه وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كگرتوو بۆ ئه‌م وه‌رزی یاسادانانه كۆمه‌ڵێ پێشنیازه یاسا‌و پێشنیازه بڕیارمان ئاماده‌كردووه كه هه‌مویان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانن، بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین.
به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م وه‌رزی یاسادانانه‌یان كرده قوربانی میزاجی خۆیان و به‌رده‌وامن له بێ ڕۆڵ كردنی دام‌و ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی كوردستان، خه‌تایه‌كی گه‌وره بوو ئه‌و هێزانه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تیان له ئه‌ستۆیه، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌ڕله‌مانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كردووه‌ته یه‌ك پاكێج؛ ئێمه ئۆباڵی له‌ده‌ستدانی وه‌رزێكی یاسادانان ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه به‌رپرسن له پێكهێنانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان به‌كراوه‌یی هێشته‌وه.
فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی له‌په‌رله‌مانی كوردوستان
2/3/2025
PM:07:58:02/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 332
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت