حزبی شیوعی كوردستان: هەڵبژاردنی رێگەی ئاشتی پرۆسەیەكی نوێی ململانێی سیاسییە


وێستگەنیوز-

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" پەیامێکی بڵاوکردەوە.


حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باكور‌و لێدوانی بەڕێز ئۆجەلان حزبی شیوعی كوردستان بەردەوام لەگەڵ بژاردە‌و چارەسەری دیموكراسی‌و ئاشتی‌و عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان‌و، دابینكردنی مافە ڕەواكانی‌و ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادانەی خەڵكی كوردستانە‌و، ئەمەش هۆكارێكە بۆ مسۆگەركردنی بەیەكەوەژیان‌و ئاسایش‌و گەشەپێدانی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ئاماژە بەوەکراوە، "حزبمان پێی وایە تێكۆشانی چەكداری ئامانج نییە، بەڵكو شێوازێكی تێكۆشانە لە قۆناغێكی دیاریكراوەدا‌و، بنەمای سەرەكی سەركەوتن بۆ هەڵبژاردنی تێكۆشانی گونجاوی بەردەوامی جەماوەری خەڵك دەگەڕێتەوە‌و، هەر شێوازێكی تێكۆشانیش ئەرك‌و بەرپرسیاریی خودی ناوەندنی بڕیاری سیاسی هەر حزبێكی دیاریكراوە لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا".

ئەوەش هاتووە، "هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی پرۆسەیەكی نوێی ململانێی سیاسییە، كە پێویستی بە دانوستانی دوو قوڵی‌و، بوونی ناوەندی ئاسانكەری دانوستان‌و، ئامادەبوونی حكومەتی توركیایە بۆ ئەنجامدانی كەشێكی گونجاو بۆ ئاشتی‌و، ڕاگرتنی جموجۆڵی سەربازی‌و خستنەڕووی نیازپاكی‌و، ئەركی گشت لایەنێكی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیی خەمخۆر بۆ ئاشتی، كاركردنە بۆ نەهێشتنی كۆسپ‌و تەگەرەكان لەبەردەم كاروانی ئاشتی‌و چارەسەری دیموكراسی‌و زامنكردنی مافی گەلان".


PM:04:49:01/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 1828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت