دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی شوباتی 2025، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کۆبووەوە، شاندەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیستانبووڵ پەیامەکەی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی ئاشکراکرد و پەروین بوڵدان بە تورکی و ئەحمەد تورک بە کوردی پەیامەکەیان خوێندەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە پەیامەکەیدا کە سێ لاپەڕەیە لە ژێر دروشمی "بانگی ئاشتی و دیموکراتی" رایگەیاند، "پەکەکە لە سەدەی بیستەم دروستبوو، ئەو کاتەی پەکەکەی تێدا دروستبوو، دوو جەنگی جیهانی هەبوو و تورکیا لە قۆناغێکی سەغتدا بوو".

لە پەیامەکەیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوایکرد، "پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".

ئۆجەلان دوای ئەوەی داوای دانانی چەکی لە پەکەکە کرد لە پەیامەکەیدا وتی، "بەرپرسیارێتی چەک دانان لە ئەستۆ دەگرم".

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان:

بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی

پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا لەدایک بوو، کە توندوتیژترین سەردەمی مێژوو بوو، لە سایەی دوو شەڕی جیهانی، سۆشیالیزمی واقیعی، و کەشوهەوای شەڕی سارد کە جیهان بەخۆیەوەبینی، و نکۆڵیکردن لە واقیعی کوردی، و سنوردارکردنی ئازادییەکان، لەسەرووی هەموویانەوە ئازادی دەربڕین.

لە رووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە، حیزبەکە بە توندی کاریگەر بوو بە سیستەمی سۆشیالیزمی واقیعی لە سەدەی بیستەم. لەگەڵ روخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بەهۆی هۆکاری نێوخۆیی، و پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا، و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا روویان دا، حیزبەکە گرنگی خۆی لەدەست دا و دووچاری دووبارەکردنەوەی زێدەڕۆیانە بوو. لە ئەنجامدا، رۆڵی خۆی وەکو هاوتاکانی تەواو کرد، و هەڵوەشاندنەوەی بووە پێویستییەک.

بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ، تورک و کورد هەوڵیان داوە بوونی خۆیان بپارێزن و لە بەرامبەر هێزە زاڵەکاندا خۆڕاگر بن، کە هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانەی کردووەتە پێویستییەکی بەردەوام بۆیان.

بەڵام مۆدێرنبوونی سەرمایەداری، لە ماوەی دوو سەد ساڵی رابردوودا، ئامانجی سەرەکی خۆی کردە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە. هێزە جیاوازەکان کاریگەرییان لێکرا و بەپێی بنەماکانی چینایەتی بەم ئاراستەیەدا رۆیشتن. لەگەڵ لێکدانەوە تاکلایەنەکانی کۆمار، ئەم رێڕەوە خێراتر بوو. ئەمڕۆ، دووربارە رێکخستنەوەی ئەم پەیوەندییە مێژووییە کە زۆر ناسک بووە، بە رۆحی برایەتی، لەگەڵ رەچاوکردنی باوەڕەکانیش پێویستە.

ناکرێت نکۆڵی لە پێویستیی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بکرێت. ئەگەر پەکەکە، کە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیبوون و توندوتیژی بوو لە مێژووی کۆماردا، توانیویەتی هێز و پشتگیری بەدەست بهێنێت، ئەوا لەبەر داخستنی کەناڵەکانی سیاسەتی دیموکراتی بووە.

ئەو چارەسەرانەی لەسەر نەتەوەپەرستی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.

رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی، و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی و بواری سیاسی دیموکراتی جێبەجێ دەبێت.

سەدەی دووەمی کۆمار ناتوانێت بەردەوامی هەمیشەیی و برایانە بەدەست بێنێت ئەگەر دیموکراسی بەدەستنەهێنێت. هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی، و ناشبێت. ڕێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە.

هەروەها پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت.

لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە، و ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە، و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.

وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و پارتە مۆدێرنەکان دەکەن، کە نەتوانراوە بە هێز کۆتایی بە هەبوونیان بهێنرێت، لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پێویستە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

سڵاو بۆ هەموو ئەو گرووپانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و بەدەم بانگەوازەکەمەوە دێن.

25ی شوباتی 2025
عەبدوڵڵا ئۆجەلان


PM:06:02:27/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 10240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت